تایبەت بە یاریگا؛ ئاکام هاشم لەم هەفتەیە چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە
لەم هەفتەیە بەرگریکارە کوردەکە لە نێوان شوڕتە و زەوڕا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات

یاریگا –
ئاکام هاشم لەم هەفتەیە چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە، لە نێوان سێ یانەی بەغدا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئاکام هاشم بەرگریکاری کوردی یانەی شوڕتە و هەڵبژاردەی عێراق لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو لەبارەی یانەی داهاتووی خۆی بڕیار دەدات، کە لەگەڵ شوڕتە لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و یانەکانی قوە جەوییە و زەوڕا و گەرمە ئۆفەریان پێشکەشی کردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئاکام هاشم لەگەڵ شوڕتە لەسەر چەند وردەکارییەکی گرێبەستە نوێیەکەی گفتوگۆ دەکات کە سبەی چوارشەممە 30ـی یۆلیۆ/تەممووز بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سەوزپۆشەکەی بەغدا کۆتایی دێت، ئەگەر بەرگریکارە کوردەکە لەگەڵ شوڕتە نەگاتە رێککەوتن لە چوونی بۆ زەوڕا نزیکتر دەبێتەوە.
بەرگریکارە 26 ساڵانەک هاوینی 2024 لە هەولێرەوە پەیوەندی بە ریزەکانی شوڕتە کرد، وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەگەڵ شوڕتە بەدەستهێنا، کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 38 یاری بە درێسی شوڕتە کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو بەرگریکارە کوردە 500 هەزار یۆرۆیە.