ئاتاڵانتا وەڵامی بێ چەندوچۆنی ئینتەر میلانی دایەوە

یاریگا –
یانەی ئاتاڵانتا نایەوێ بە داواکارییەکانی ئینتەر میلان رازی بێت بۆ دەستبەرداربوون لە ئادیمۆلا لووکمان.
ئاتاڵانتا بۆ فرۆشتنی ئەستێرە نەیجیریەکەی داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات و ئینتەریش چەند رۆژێکە ئۆفەری 40 ملیۆنی پێشکەشی دەکات، بەڵام رەتدەکرێتەوە.
شەوی رابردووش یانەی خوازیار گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ نزیکەکانی لووکمان ئەنجام دابوو. ئەوەش وایکرد ئەو یاریزانە لەسەر پەیوەندیکردنی بە نیرازوریەوە مکوڕتر بێت.
نوێترین زانیاریی کە فابریزۆ رۆمانۆ ئاشکرایکردووە، ئینتەر هێشتا لە هەوڵەکانی بەردەوامە و بەفەرمیش لایەنی بەرامبەری ئاگەدارکردووەتەوە کە ئامادەن بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بدەن، بەڵام ئاتاڵانتا رەتیکردووەتەوە و پێداگرن لەوەی لای کەم بە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری دەبن.
رۆمانۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە کە یاریزانە 27 ساڵیەکە دەیەوێ ئاتاڵانتا جێبهێڵێت و هیواخوازیشە ئاسانکاریی بۆ بکرێت لە رۆشتنیدا، بەڵام ئاتاڵانتا بەردەوامن لە هەڵویستی خۆیان و هەڵنەکردنی رۆشنایی سەوز بۆ یانە ئیتاڵیەکان بە نرخی 40 ملیۆن یۆرۆ کە پێشتریش رەتیکردووەتەوە.
لووکمان یاریی بۆ ئێڤەرتن، فولهام، لایپزیگ و لێستەر سیتی کردووە، هێرشبەرەکە لە هاوینی 2022 بەبڕی 10.85 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە ئاتاڵانتا کردووە.