ناپۆلی جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی ئالێخاندرۆ گارناچۆ دەدات
کۆنتی لەسەر گواستنەوەی رژدە

یاریگا –
هەوڵەکانی ناپۆلی بۆ گوستنەوەی ئالێخاندرۆ گارناچۆ، ئەستێرەی لاوی مانچێستەر یونایتد دەستپێدەکەنەوە.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ناپۆلی بڕیاریداوە لەم هاوینە جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی ئالێخاندرۆ گارناچۆ بدات و هیوادارە بە 45 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکە یەکلاییبکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یانە ئیتاڵییەکە وەرزی رابردوو لە گواستنەوەی نزیکبوو، بەڵام گرێبەستەکە شکستیهێنا.
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ روبن ئامۆریم، راهێنەری شەیتانە سوورەکان بڕیاریداوە لەم هاوینە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد جێبهێڵێت.
گارناچۆ لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر تۆتنهام، هەڵایەکی گەورەی دروستکرد، کاتێک تاوەکو خوولەکی 71 ئامۆریم بەشداری بە یاریزانەکە نەکرد. دوای یارییەکە گارناچۆ روونیکردەوە؛
بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە بۆ هەمووان سەختە.
وەرزێکی قورسمان بەڕێکرد، نەمانتوانی لە پرێمەرلیگ لە کەس ببەینەوە. لە چەندین بابەتمان کەمبوو.
کاتێک ناتوانیت گۆڵ بکەیت، بەردەوام پێویستیت بە زیاترە تاوەکو گەیشتینە یاریی کۆتایی. بەشداری هەموو گەڕێکم کردووە و ئەمڕۆ تەنیا 20 خوولەک یاریم کرد… نازانم چی بڵێم.
هەوڵدەدەم چێژ لە پشووی هاوین وەربگرم و بزانم دواتر چی روودەدات.
یاریزانە 20 ساڵانییەکە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەیە، کە لەوەتەی ساڵی 2020 لە ریزی لاوانی شەیتانە سوورەکانەوە پێگەیشتووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە 45 ملیۆن یۆرۆیە.
گارناچۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ شەیتانە سوورەکان لە 58 یاریی بەشداریی کرد، 11 گۆڵ و 10 ئەسیستی کرد، خاوەنی 8 یاریی نێودەوڵەتیشە بە درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.