هەموو شتێک کۆتاییهات؛ لیڤەرپوول چوارەم گرێبەستی مێرکاتۆی هاوینەی یەکلاییکردەوە
تەنیا یەک قۆناخی گفتوگۆکان ماوە

یاریگا –
لیڤەرپوول لە نوێکردنەوەی خوێنبەرەکانی تیمەکەی بەردەوامە و ئەمجارە هێڵی پشتەوە تۆکمە دەکات.
ماوەیەکە لیڤەرپوول گفتوگۆکانی لەگەڵ کریستال پاڵاس، پاڵەوانی جامی FA لەبارەی مارک گێی، بەرگریکاری یانەکە دەستپێکردووە.
نیکۆلۆ شیرا، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لیڤەرپوول و گێی لەسەر مەرجەکانی کەسی رێککەوتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە، لیڤەرپوول گرێبەستێک تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 لەگەڵ بەرگریکارە ئینگلیزییەکە واژۆ دەکات.
گێی بە هەموو شێوەیەک فشاری لە یانەکەی باشووری لەندەن کردووە، تاوەکو رێگە بە چوونە دەرەوەی بۆ لیڤەرپوول بدەن.
ئێستا لیڤەرپوول دوا قۆناخی گفتوگۆکان لەگەڵ کریستال پاڵاس دەستپێدەکات، تاوەکو لەسەر بەهای گشتی گواستنەوەکە و شێوازی خەرجکردنی قیستەکان رێکبکەون.
رۆژنامەی گاردیان لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان نێوان هەردوو یانە ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول دەیەوێت بە کەمتر لە 45 ملیۆن پاوەند، گێی بگوازێتەوە ئانفیڵد و پاڵاس داوای 50 ملیۆن پاوەند دەکات.
گێی یەکێکە لە دیارترین بەرگریکارانی پرێمەلریگ و وەرزی رابردوو بەشداری لە 34 یاریدا کرد. بەدرێژایی وەرزەکە سێ گۆڵ و دوو ئەسیستی هەبوو، هەروەها 11 کلین شیتیشی لەگەڵ کریستال تۆمارکرد.