بەدواداچوون و شیکردنەوە؛ بۆچی هاوسن باشترین بژاردەیە بۆ ریال مەدرید؟
بەدواداچوونێکی وردی تۆڕی وەرزشی یاریگایە

یاریگا –
بێگومان دین هاوسن، یەکێکە لە باشترین بەرگریکارانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یاریی بۆ یانەیەکی ئاست مام ناوەندی ئینگلتەرا دەکرد.
هاوسن بژاردەیەکی تەواو گونجاوە بۆ ریال مەدرید، چونکە پاشخانێکی تەواوی لەسەر ئیسپانیا و شێوازی یارییکردنی وڵاتەکە هەیە، یەکێکە لە بەرگریکارانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و دەتوانێت رۆڵێکی باڵا لە ستایڵی نوێی چابی ئاڵۆنسۆ بگێڕێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا، بەسوود وەرگرتن لە سەرچاوەی شیکاری سکای سپۆرتس، ئاتلێتیک و تێلێگراف، راپۆرتێکی شیکاری تایبەت لەسەر خاڵە ئەرێنییەکانی بەرگریکارەکەی بۆرنمس دەخاتەڕوو.
بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان
هیچ گومان لە توانای گەورەی هاوسن نییە، چونکە یاریزانێکی باڵا بەرز و توانای خوێندنەوەی یاریی زۆر باشە. هاوسن نەک تەنیا بۆ ریال مەدرید، بەڵکو دەتوانێت یاریی بۆ هەر یانەیەکی دیکەی ئەوروپا بکات و خۆی وەکو نموونە پیشان بدات، چونکە هەموو خەسڵەتێکی جیاوازبوونی تێدایە.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بێت، تەنیا گابریێل ماگالاش، بەرگریکاری ئارسیناڵ ئامارەکەی لە دین هاوسن باشترە.
بەدەستهێنانی ئەم ئامارە بەرزە ئاسان نییە، چونکە هاوسن توانیویەتی لە باشترینەکانی پرێمەرلیگی وەکو جاراد برەینسوەیت، ڤیرجیڵ ڤان دایک، ویلیام سالیبا و نیکۆلا میلێنکۆڤیچ باشتربێت.
دوورخستنەوەی تۆپ و ئاستی بەرگریکردن
هاوسن یەکێکە لەو بەرگریکارانەی ساتی گونجاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکان و بەرپەرچدانەوە هەڵدەبژێرێت.
لەڕووی ئاست و کوالێتی دوورخستنەوەی تۆپەکان لە ناوچەی بەرگری یانەکەی، تەنیا سالیبا، بەرگریکاری ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ لە هاوسن باشترە، بۆیە سەیر نییە کاتێک ئارسیناڵ زوو درکی بە توانای هاوسن کرد و ئامادەبوو بڕی 50 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی خەرج بکات، ئەمەش مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بوو، بەڵام ریال مەدرید لە چنگی گەورەکانی پرێمەرلیگی دەرهێنا.

توانای پاسدان و کردنەوەی بۆشاییەکان
هاوسن رۆڵ لە دروستکردنی هێرشی یانەکەی دەگێڕێت و دەتوانێت بە پاسی درێژ، بۆشایی گونجاو بۆ یاریزانانی تیمەکەی دروست بکات، بیرمان نەچێت، هاوسن ئەم ژمارانەی لەگەڵ بۆرنمس تۆمارکردووە، کە یەکێک نییە لە یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە یارمەتییەکی زۆری ئاندۆنی ئیراولا، راهێنەری بۆرنمسی لە دروستکردنی هێرشەکاندا گێڕاوە. بەگوێرەی ئامارێکی تۆڕی ئاتلێتیک بێت، ئەگەر پاسەکانی هاوسن بە سەرکەوتوویی لە تۆڕی تیمی بەرامبەر درابان (گۆڵی چاوەڕوانکراو)، ئەوا ئێستا بۆرنمس خاوەن پلەی شەشەمی پرێمەرلیگ بوو.

هاوسن تەنیا لە تەمەنی 19 ساڵی و لەگەڵ بۆرنمس ئەم ژمارانەی تۆمارکردووە، بۆیە داهاتووێکی گەورە چاوەڕێی بەرگریکارە لاوەکە دەکات و یارییکردنی لە یانەکانی وەکو رۆما و یوڤێنتوس، ئەزموونێکی گەورەی بە ئەستێرەکە داوە.
ریال مەدرید یاریزانێکی بۆ 10 ساڵی داهاتوو گواستووەتەوە و دەتوانێت ببێتە رامۆسێکی نوێی مەدرید.