لە رۆناڵدۆوە بۆ ئێمباپێ؛ بۆچی هاندەرانی مەدرید فیکەی ناڕەزایی لێدەدەن؟
راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر کولتووری فیکەلێدان و کاریگەرییەکانی لەسەر گالاکتیکۆس

یاریگا –
لە ریال مەدرید، هەموو یاریزان و ئەندامێکی یانەکە، بێبەش نابن لە تووڕەیی و فیکەی ناڕەزایەتی هاندەرانی یانەکە. هەرچەندە لەم وەرزەدا، کیلیان ئێمباپێ گۆڵکاری یەکەمی یانەکەیە، بەڵام کەوتە بەر لێشاوی فیکەی ناڕەزایی هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بە تایبەت دوای دەرکرانیان لە چامپیۆنزلیگ لەلایەن ئارسیناڵەوە.
مێژووی ریال مەدرید، دەیان حاڵەتی لەمشێوەیەی بەڕێکردووە، فیکەی ناڕەزایی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئیکەر کاسیا و ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ لێدراوە، ئەمانە هەموویان بە ئەفسانە گەورەکانی یانەکە هەژماردەکرێن، بەڵام لە فیکەی ناڕەزایی نەپارێزراون.
لە کولتووری ئیسپانیا فیکەلێدان، ئامرازێکی سەرەکی ناڕەزاییە، پێچەوانەی وڵاتانی دیکە کە زۆربەیان بە هۆیهۆی-کردن، ناڕەزایی دەردەبڕن. مێژووی فیکەلێدان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئیسپانیا بۆ سەردەمێکی کۆن دەگەڕێتەوە و لە نەریتەکانی زۆرنبازیی گا سەرچاوەی گرتووە.
مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا بە تایبەتمەندی ‘داواکاریی بەردەوام’ بەناوبانگە. مێژووی کولتووری فیکەلێدان بۆ زیاتر لە سەدەیک بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە مێژووی ریال مەدرید، سەرەتا فیکە بۆ گاسپار روبیۆ، لە بیستەکانی سەدەی رابردوو دەستیپێکردووە، تەنانەت فیکەی ناڕەزایی بۆ فرانسیسکۆ خێنتۆ، ئەفسانەی مەدرید لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لێدراوە، هەرچەندە پەنجاکان بە سەردەمی زێڕینی مەدرید هەژمار دەکرێت، چونکە خێنتۆ شەش چامپیۆنزلیگی بۆ مەدرید بەدەستهێنا.

لە ساڵی 1962 بەهۆی رێکلامێکی دی ستێفانۆ، هاندەران زۆر تووڕەبوون و فیکەیان بۆ لێدا، هەرچەندە گۆڵکاری یانەکەبوو و لەو یارییەدا دوو گۆڵی کردبوو.
خۆرخێ ڤالدانۆ، یاریزان و راهێنەری پێشووی ریال مەدرید پێی وایە، سەرنجی لەڕادەبەدەر و چڕی میدیاکان لەسەر یانەکە، کاریگەری دەروونی نەرێنی لەسەر یاریزانان دروست دەکات، ڤالدانۆ دەڵێت؛ هەرچەندە لە ساڵی 1986 باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ یانەکە پێشکەشکرد، بەڵام ببووە ئامانجی هاندەران و میدیاکارانی وەکو خۆسێ ماریا گارسیا.
لە ساڵانی هەشتاکان، یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی مەدرید بە ناوی میشێل، لە یارییەکی بەرامبەر ئیسپانیۆل، بەهۆی فیکەی ناڕەزایی بەردەوام، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، هەرچەندە ریال مەدرید نازناوی لالیگای ئەو وەرزەی بردەوە. میشێل لە دوای تەواوبوونی وەرزەکە رایگەیاند؛ هەرگیز بەمشێوەیە نەچەوسێندراوەتەوە.
سارا مارتینێز، زانای دەروونناسی لەبارەی فیکەی ناڕەزایی هاندەران دەڵێت
فیکەی ناڕەزایی جۆرێکە لە دروستکردنی فشاری دەروونی سەر یاریزانان، تاوەکو یاریزانان ناچاربکەن بە پێوەرە بەرزەکانی یانەکە پابەند بن، بەڵام سەرباری ئەمەش یاریزانان گومانیان بۆ دروستدەبێت و دەکەونە ژێر کاریگەرییەکی نەرێنی فشارەکان.

لە ساڵی 2017 هاندەران بەهۆی هەڵەیەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ، فیکەی ناڕەزاییان بۆ رۆناڵدۆ لێدا، بەڵام ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە نێو یاریگادا وەڵامی دانەوە. هەروەها گارێس بەیڵ یەکێکی دیکەبوو لە قوربانیانی فیکەلێدانی هاندەران و کاسێمیرۆ بە توندی پاڵپشتیکرد و بە هاندەرانی گوت؛ ئێوە فیکە بۆ مێژووی یانەکە لێدەدەن.
جۆزێ مۆرینیۆ لە ساڵانی نێوان 2010-2013 چەندینجار بووە ئامانجی هاندەران، بە تایبەت ئەڵتڕاسی بەشی باشووری یاریگاکە. مۆرینیۆ ژیرانە وەڵامی فیکەکانی دەدایەوە و پێی وابوو ئەمە بەشێکە لە وەرزشی نیشتمانی ئیسپانیا.
ئیکەر کاسیاس، گۆڵپارێزی مێژووی ریال مەدرید، رووبەڕووی یەکێک لە دوژمنکارانەترین ناڕەزایی هاندەرانی مەدرید بوو، ئەمەش دوای گرژییەکانی لەگەڵ مۆرینیۆ. کاسیاس لە یارییەکەدا لە بەردەم کامێراکانی یاریگا هاواری کرد؛
هەرچی دەتانەوێت فیکەی لە دژ لێبدەن، بە نەفرەت بن.
ڤالدانۆ لەبارەی جیاوازی یاریزانی بیانی لەگەڵ بەرهەمی ئەکادیمیای کاستیا دەڵێت؛
یاریزانانی ئەکادیمیای ریال مەدرید لە منداڵییەوە بۆ بەرگەگرتنی هوتاف و شەڕانگێزی هاندەران ئامادە دەکرێن، چونکە ژینگەی پڕ لە فشار لە منداڵییەوە دەستپێدەکات.
لە سەردەمی نوێی گالاکتیکۆسدا، چەندین حاڵەتی لەمشێوەیە دووبارەبوونەوە. دوای دۆڕانی یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا 5-2 بەرامبەر بارسێلۆنا، هاندەران فیکەی ناڕەزایی زۆرییان بۆ کارلۆ ئانچێلۆتی، ئۆرێلیەن چوامینی و لوکاس ڤازکێز لێدا.
چەند جارێک فیکەی ناڕەزایی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆریش لێدراوە و ئێمباپێش دوا قوربانی کولتووری فیکەلێدانی ئیسپانیایە.
ڤالدانۆ پێی وایە، لە ریال مەدرید کەس لە سزا دەربازی نابێت، بۆیە کولتوورەکە بەتەواوی شوێنی خۆی کردووەتەوە.