بەریتانیا دەیەوێت لەندەن بکاتە پایتەختی وەرزش
سادق خان کۆمەڵێک زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
سادق خان، شارەداری لەندەن پاڵپشتی داواکاریی میوانداریکردنی ئۆڵێمپیادی 2040 لە لەندەن دەکات.
نووسینگەی شارەوانی لەندەن راپۆرتێکی پڕوردەکاری لەبارەی هەوڵەکان بۆ میوانداریکردنی ئۆڵێمپیادی 2040 بڵاوکردووەتەوە، لەندەن دەتوانێت میوانداری بۆنە گەورەکانی وەرزشی بکات، بۆیە دەتوانێت میوانداری هەموو جۆرە پاڵەوانیەتییەکان بکات.
ساڵی رابردوو لەندەن میوانداری یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدان، یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکی، بەیسبۆڵی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی نووسینگەی سادق خان بێت، داهاتی لەندەن زیاتر لە 230 ملیۆن پاوەند بووە و زیاتر لە 500 ملیۆن پاوەندیشی بۆ وەرزشەکانی دیکەی شارەکە زیادکردووە.
سادق خان بە رۆژنامەی تایمزی راگەیاندووە، دەیانەوێت لە داهاتوودا لەندەن بکەنە پایتەختی وەرزشی جیهان. شارەوانی لەندەن ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی وەرزشی بەریتانیا بکات، تاوەکو میوانداری پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی ساڵی 2029 بکات.
بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدان، شارەوانی لەندەن پێویستی بە 45 ملیۆن پاوەندە و چاوەڕێی رووناکی سەوزی کێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە.
پلانی ئێستای لەندەن
لەندەن هەڵمەتێکی فراوانی بۆ وەرگرتنی مافی میواندارێتیکردنی پاڵەوانیەتی جیهانی گۆڕەپان و مەیدان بۆ ساڵی 2029 دەستپێکردووە.
بەریتانیا لە ساڵی 2017 بۆ یەکەمجار میوانداری پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی کرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی ئۆڵێمپیادی لەندەن 2012.
دامەزراوەی وەرزشی بەریتانیا و یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی بەریتانی، یەک ساڵە خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەلن لەسەر میوانداریکردنی پاڵەوانیەتییەکە.
بەگوێرەی راپۆرتە هاوبەشەکە بێت، میوانداریکردنی پاڵەوانیەتی جیهانی گۆڕەپان و مەیدان، کاریگەرییەکی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێت و لەوانەیە قازانجی میواندارییەکە بگاتە 400 ملیۆن پاوەند.
یەکێتیی جیهانی گۆڕەپان و مەیدان تاوەکو سێپتێمبەر/ئەیلوولی ئەمساڵ، پێشوازی لە فایڵی هەر شارێک دەکات کە دەیەوێت میوانداری پاڵەوانیەتییەکە بکات. لەندەن دەیەوێت بڕی 45 ملیۆن پاوەند لە حکومەتی بەریتانیا وەربگرێت و بەفەرمی بچێتە نێو کێبڕکێیەکان.
ساڵی رابردوو، گلاسکۆ، پایتەختی سکۆتلاند میوانداری پاڵەوانیەتیی جیهانی یارییەکانی نێو هۆڵی کرد، ساڵی داهاتووش پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی ئەوروپا لە بیرمینگهام دەکرێت.