
یاریگا –
بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی کورد بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی دەستنیشانکرا.
یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی بەفەرمی رایگەیاندووە، بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی کوردی یانەکە بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی یانەکە دەستنیشانکراوە، کە یاریزانانی یانەکە دەنگیان داوە و باشترینی یانەکەیان هەڵبژاردووە.
Top work, Botan ❤️ pic.twitter.com/qNSUIWABFo
— Swindon Town Football Club Academy (@academystfc) April 25, 2025
بۆتان لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 20 یاری 5 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە و 978 خولەک یاریی کردووە، کە بەهۆی ئاستە بەرزەکەی چەند یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ چاویان لەسەریەتی و دەیانەوێت بیگوازنەوە ریزەکانیان.
پێشتر ئایان هۆلۆوای راهێنەری سویندن تاون دوای بانگهێشتکردنی بۆتان ئەمین بۆ تیپی یەکەم ستایشی ئەو کوڕە کوردەی کرد و لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی بی بی سی لەبارەی بۆتان گوتبووی ‘بۆتان ئەمین شێوازی یاریکردنی لە رایان گیگز دەچێت’.
بۆتان ئەمین لە خولی ئینگلیزی؛ ئەو کوڕە کوردەی رایان گیگز بیری بەریتانییەکان دەهێنێتەوە
بۆتان ئەمین کێیە؟
بۆتان ئەمین (لەدایکبووی 24ـی ئەپرێلی 2007) لە تیپی خوار 18 ساڵانی سویندن تاونی ئینگلیزی یاریی دەکات، ئەم وەرزە چەند جارێکە لەلایەن ئایان هالۆوای راهێنەری تیپی یەکەمی سویندن تاون بانگهێشت دەکرێت.
وەرزی رابردوو بۆتان لە جامی لاوانی یەکێتیی ئینگلتەرا هەمووانی سەرسام کرد، لەگەڵ سویندن تاون لە سێ یاری چوار گۆڵی کرد. لە قۆناخی سێیەم بەرامبەر لوتن تاون یاریی کرد، دواتر لە قۆناخی چوارەم بەرامبەر مانچێستەر یونایتد هەردوو گۆڵی یارییەکەی کرد و ئەو دووانەیە بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەموو ئینگلتەرا رابکێشێت، لە قۆناخی پێنجەم ئەو کوڕە کوردە رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بردنەوەی سویندن هەبوو کاتێک 2-1 لە سەندەرلاندیان بردەوە، بۆتان گۆڵی سەرکەوتنی لە یارییەکە کرد.
پێشتر رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، یانەکانی مانچێستەر یونایتد و وۆلڤەرهامتنی ئینگلیزی چاودێری بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی دەکەن، دەیانەوێت ئەو یاریزانە کوردە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە بۆتان بە یەکێک لە یاریزانە بەهرەمەندەکانی ئێستای ئینگلتەرا دادەنرێت.