گەڕێکی دیکەی ئاگرینی خولی نایابی کوردستان بەرێوەدەچێت
شەقڵاوە دوا هیوا و بەختی خۆی تاقیدەکاتەوە

یاریگا –
شەقڵاوە و رانیە یاریی لووتکەی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەکەن و هەولێریش لە یاریگای خۆی بەرامبەر هەندرێن یاریی دەکات.
لە گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان، دووشەممە ( 14ـی نیسانی 2025 شەقڵاوە لە یاریگای خۆی رووبەرووی رانیە دەبێتەوە، یارییەکە بۆ هەر دوو یانە گرنگە و هەوڵی مانەوە دەدەن لە خولی نایاب تایبەت شەقڵاوە کە ئەم یارییە دوا هەلە بۆ ئەوەی هیوای بمێنیت تیپەکە بمێنێتەوە.
بە پێچەوانەوە هەر ئەنجامێکی تر بە رێژەیەکی زۆر شەقڵاوە دەباتە ریزی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، رانیە 30 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 12ـەیە و شەقڵاوە بە 23 خاڵ لە ریزبەندی 14ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.
هەولێر لە یاریگای دووەمی فرانسۆهەریری بەرامبەر هەندرێن یاریی دەکات، هەولێر پێویستە سەرکەوتن تۆمار بکات و خۆی لە ناوچەی دابەزین دووربخاتەوە کە ئێستا 25 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 13ـە دێت، شکست یان یەکسان بوون هولێر دەباتە لێواری دابەزین بۆ ریزی پلەیەک لە وەرزی داهاتوو، هەندرێن مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە و بە 38 خاڵ لە ریزبەندی چوارەم دێت.
له پیرمام پیشەسازی دەبێتە میوانی پێشمەرگەی هەولێر، بە سەرکەوتن لەم یارییەدا پیشەسازی بە رێژەیەکی زۆر مانەوە مسۆگەر دەکات لە خولی نایابی کوردستان بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکانی تر، پیشەسازی 31 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت.
سەرکەوتنی پێشمەرگەی هەولێر بە واتای هەبوونی هیوایەکی کەم بۆ کێبڕکێی وەرگرتنی ریزبەندی یەکەم، بە پێچەوانەوە یەکسان بوون یاخود شکستی پێشمەرگە لەم یارییە ئەوا بە پێش ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر سیروانی نوێ لە رۆژی سێشەم، بە فەرمی شێروانە دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان.