چەند رۆژێکە مەشقەکانی برایەتی وەستاوە و یاریزانەکان ناگەڕێنەوە

یاریگا –
لە دوای یاریی زاخۆوە لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان برایەتی هیچ مەشقێکی نەکردووە.
بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان یاریزانانی برایەتی مەشق و راهێنانی تیپەکەیان بایکۆت کردووە و پێش یاریی زاخۆش لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان مەشقیان نەکردبوو، بۆیە کاریگەری تەواوی لە سەر یاریزانەکان دروستکردبوو کە وای کرد بە ئەنجامی 4 _ 0 شکست بهێنن، لە دوای ئەو یارییەشەوە یونس سلێمانی راهێنەر دەستی لەکارکێشایەوە و بریاری وازهێنانی دا.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی یاریزانانی برایەتی 90 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەم هۆیەشەوە دۆخێکی دەروونی خراپ رووی لە یاریزانان و تیپەکە کردووە کە رەنگە گەشتی کەلاریش نەکەن بۆ یارییەکەی گەڕی داهاتوو بەرامبەر شێروانە کە بریارە لە 18ـەی ئەم مانگە بەرێوەبچێت.
برایەتی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان حەفت سەرکەوتن و پێنج یەکسان بوون و نۆ شکستی هەیە و بە 26 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت.