بڕیاری فیفا؛ بارسێلۆنا دۆسیەیەکی دیکەی لە لالیگا بردەوە
"تێباس لە بارسێلۆنا تووڕەیە"

یاریگا –
بارسێلۆنا دۆسیەیەکی دیکە لە خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا دەباتەوە و پەیوەندیەکانیان خراپتر دەبێت.
پاڵمێراسی بەڕازیلی بۆ گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکی بەبڕی 25 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ بارسێلۆنا رێککەوتووە، بەڵام بەگوێرەی یاساکانی لالیگا ڤیتۆر ناتوانێت بچێتە یانەیەکی دیکە تاوەکو ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ ریال بێتیس کۆتایی نەیەت.
بارسێلۆنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پەنایبردووەتە بەر فیفا و داوایەکی یاسایی تۆمارکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، فیفا لەبەرژەوەندی بارسێلۆنا بڕیاریداوە، بەهۆی ئەوەی دەرگای مێرکاتۆی بەڕازیل کراوەیە، رۆکی دەتوانێت بەبێ گرفت پەیوەندی بە پاڵمێراس بکات.
🆗La FIFA da la razón al Barça, que vendería ahora a Vitor Roque
👨⚖️Según el máximo organismo del fútbol mundial, no hay ningún impedimento jurídico para que el Barcelona recupere a Tigrinho con el mercado cerrado y lo venda al Palmeirashttps://t.co/SzAsZ7rVYC
— Diario SPORT (@sport) February 25, 2025
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، تێباس زۆر لە بارسێلۆنا تووڕەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هانایان بۆ فیفا بردووە و لەوبڕوایەدایە بازدان بەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە سوکایەتییە بە یاسا و رێساکانی ئیسپانیا.
ئەو هەنگاوەی بارسا پەیوەندییەکانی نێوانیانی خراپترکردووە، چونکە بەهۆی دۆسیەی دانی ئۆلمۆش پەیوەندی نێوان یانە کاتالونییەکە و تێباس ئاڵۆز بووە، دۆسیەی رۆکیش پەیوەندییەکانی خراپتر کردووە.
بارسا دەیەوێت بەر لە مێرکاتۆی هاوینە 25 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشتنی رۆکی دەستبکەوێت تاوەکو بتوانێت بەشێک لە گرفتە داراییەکانی چارەسەر بکات. ئێستا لەگەڵ پاڵمێراس رێککەوتووە و چاوەڕوانی روناکی سەوزی ریال بێتیس دەکەن.