ئەلێکساندەر سۆرلۆت مۆتەکەی بارسێلۆنا کێیە؟ گۆڵکردن لە بلاوگرانا ئیشی خۆیەتی
لە دوایین سێ یاریی بەرامبەر بلاوگرانا لە کاتی زیادکراو گۆڵی لێکردووە

یاریگا –
ئەلێکساندەر سۆرلۆت بووەتە مۆتەکەی بارسێلۆنا، لە هەر یارییەک رووبەڕووی ئەو یانە کەتەلۆنییە ببێتەوە ئەسیست یان گۆڵ لە بلاوگرانا دەکات، لە دوایین سێ یاریی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە لە کاتی زیادکراو گۆڵی لە بلاوگرانا کردووە کە دوایینیان لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بوو.
بۆچی ئەلێکساندەر سۆرلۆت بۆ بارسێلۆنا بووەتە مۆتەکە؟
ئەلێکساندەر سۆرلۆت هێرشبەری نەرویجی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە هەر یارییەک بەرامبەر بارسێلۆنا بەشداریی کردبێت، گۆڵ یان ئەسیستێکی کردووە، لەکۆی 7 یاریی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە بەشداریی 8 گۆڵی کردووە، 5 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە.
لەسەر ئاستی یانەکانی ئیسپانیا، بارسێلۆنا دووەم یانەیە هێرشبەرە نەرویجییەکە زۆرترین گۆڵی لێکردبێت، رایۆ ڤاییکانۆ زۆرترین گۆڵی لەلایەن ئەو هێرشبەرەوە لێکراوە و 6 جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژێنراوە، بارسێلۆنا لە پلەی دووەم دێت وریال مەدریدیش لە پلەی سێیەم دێت، سۆرلۆت چوار گۆڵیشی بەرامبەر یانە مەدریدییەکە کردووە.
سۆرلۆت لە دوایین یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە خولەکی 68 هاتە ناو یاریگا، لە خولەکی 93 گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد کە یارییەکە 4-4 کۆتایی هات.
سۆرلۆت: گۆڵکردن لە بارسێلۆنا ئیشی خۆمە
بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی ئۆپتا، لەوەتەی وەرزی 2003/2004 هیچ یاریزانێک هێندەی سۆرلۆت لە کاتی زیادکراو گۆڵی لە بلاوگرانا نەکردووە، ئەم هێرشبەرە نەرویجییە لەدوای خولەکی 90 سێ گۆڵی لەدژی بارسا کردووە.
رۆژی 27ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو بە درێسی ڤیاڕیال لەکاتی زیادکراودا گۆڵی پێنجەمی کرد و 5-3 لە لە بارسایان بردەوە، 21ـی دیسەمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە لالیگا لە کاتی زیادکراودا سۆرلۆت گۆڵی بردنەوەی بۆ ئاتلێتی کرد، دوێنێش (25ـی فێبرایەر/شوبات) بە هەمان شێوە لە کاتی زیادکراو گۆڵی یەکسانبوونی کرد.
دوای یەکسانبوونەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا، هێرشبەرە 29 ساڵانەکە گوتی :’پێکەنینێکی زۆرم هەیە؟ چونکە من هەمیشە لە یاریکردنم بەرامبەر بارسێلۆنا هەستێکی باشم هەیە، وابزانم ئەمە چوارەم یان پێنجەم گۆڵە لەدژی بارسێلۆنا لێرە تۆماری بکەم، تەنانەت ئەمڕۆ سەرلەبەیانی کە لە خەو هەڵسام، دەمزانی ئەمڕۆ گۆڵ لە بارسێلۆنا دەکەم’.
هێرشبەرە نەرویجییەکە بۆ سیمیۆنی بووەتە چەکێکی کاریگەر
هاوینی رابردوو ئالێکساندەر سۆرلۆت بەرامبەر 32 ملیۆن یۆرۆ لە ڤیاڕیالەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ روویکردە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هێرشبەرە نەرویجییەکە بە درێسی ئەو یانە مەدریدییە لەم وەرزە لە 34 یاری 13 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.
هێرشبەرە 29 ساڵانەکە کە لە بۆرەی یاریزانان ئێستا نرخەکەی 25 ملیۆن یۆرۆیە، پێشتر لە ریزی یانەکانی ریال سۆسیدادی ئیسپانی، لایپزیگی ئەڵمانی، کریستال پاڵاسی ئینگلیزی و ترابزۆنسپۆری تورکی یاریی کردووە.
سۆرلۆت 5ـی دیسەمبەری 1995 لەدایکبووە، بە درێسی هەڵبژاردەی نەرویج لە 59 یاری 21 گۆڵی کردووە.