بەدواداچوونی یاریگا؛ فەرحان شکور دەتوانێت ریکۆردی سامح رۆستەم لە خولی نایابی کوردستان بشکێنێت؟
ریکۆردی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی خولی نایابی کوردستان
یاریگا –
فەرحان شکور ئەم وەرزە ژمارەی گۆڵەکانی هێندە زۆرن، لە شکاندنی ریکۆردی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی خولی نایابی کوردستان نزیکە. پێویستی بە نۆ گۆڵی دیکەیە بۆ ئەوەی ریکۆردەکە هاوتا بکاتەوە.
فەرحان شکور هێرشبەری دەربەندیخان لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دوای تێپەڕبوونی 13 گەڕ بە درێسی یانەکەی 14 گۆڵی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە، هێشتا قۆناخی دووەمی خولەکە ماوە و هێرشبەرە کەرکووکییەکە دەرفەتی زۆر لەبەردەم ماوە ژمارەی گۆڵەکانی زیاتر بکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سامح رۆستەم هێرشبەری پێشووی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خاوەنی ریکۆردی زۆرترین گۆڵە لە وەرزێکی خولی نایابی کوردستان، وەرزی 2009/2010 بە درێسی پێشمەرگەی سلێمانی لە 26 گەڕی خولەکە 23 گۆڵی کرد، کە ئەو وەرزە خولەکە بە بەشداریی 14 یانە بەڕێوەچوو.
فەرحان شکور لەو 15 یارییەی لەم وەرزەی خولەکە ماویەتی، پێویستی بە تۆمارکردنی 10 گۆڵە بۆ ئەوەی ریکۆردی سامح رۆستەم برای گەورەی ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری یانەی نەورۆز بشکێنێت و ببێتە خاوەنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی خولی نایابی کوردستان.
فەرحان 15ـی ئۆکتۆبەری 1995 لە کەرکووک لەدایکبووە، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سلێمانی، هەولێر، زەوڕا، زاخۆ، نەجەف، نەفت، دالکورد، کارەبا و ئەمانەی بەغدا کردووە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵێمپی عێراق کراوە، لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی دەربەندیخان کرد.