محەمەد خەلیل کەی پەیوەندی بە پێشمەرگەی سلێمانیەوە دەکات؟ بۆ یاریی بەرامبەر پیشەسازی ئامادە دەبێت؟
گۆڵکارەکەی پێشووی برایەتی پەیامێک بۆ دەستەی کارگێڕی و راهێنەران و یاریزانان و یانەکە دەنێرێت
یاریگا –
محەمەد خەلیل ناوەراستکاری پێشووی برایەتی و گۆڵکاری تیپەکە بە فەرمی پەیوەندی بە پێشمەرگەی سلێمانیەوە کرد.
بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی محەمەد خەلیل لەگەڵ برایەتی پێشکەشی دەکرد، کارگێڕی پێشمەرگەی سلێمانی لە سەر داوای راهێنەری تیپەکەیان بۆ یارییکردن لە خولی نایابی عێراق، گرێبەستێکی فەرمیان لەگەڵ ئەستێرەکەی برایەتی واژۆ کرد.
دەربارەی پەیوەندیکردنی بە پێشمەرگەی سلێمانی و یارییکردنی لە یاریی داهاتوو لە خولی نایابی کوردستان، محەمەد خەلیل تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی:
سبەی بە فەرمی پەیوەندی بە مەشقەکانی پێشمەرگەی سلێمانیەوە دەکەم، بۆیە یاریی داهاتوو بەرامبەر پیشەسازی ناتوانم ئامادەبم و یاریی ناکەم.
یاریزانە تازەکەی پێشمەرگەی سلێمانی لە رێگای تۆڕی وەرزشی یاریگاوە پەیامێک بۆ دەستەی کارگێڕی و راهێنەران و یاریزانانی برایەتی دەنێرێت و دەڵێت:
زۆرسوپاسی دەستەی کارگێڕی برایەتی دەکەم، بە جوانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ کردوین و هاوکاری تەواوی ئێمەبوون، سوپاسی دەستەی راهێنەران دەکەم ئەم وەرزە متمانەی زۆریان پێم بەخشی، لە کاتی رۆیشتنم نەبوونە رێگر و بە پێچەوانەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستم، سوپاسی سەرجەم یاریزانەکان دەکەم ئەو ماوەیە تەواو هاوکاری یەکتر بووین، بەهیوام برایەتی باشترین ئەنجام لە خولی نایابی کوردستان بە دەست بهێنێت.
محەمەد خەلیل وەرزی رابردوو بۆ چوارقوڕنە یاریی دەکرد و دوای گرێبەستی لەگەڵ برایەتی، یاریزانەکە لە 12 یارییدا توانیویەتی نۆ گۆڵ تۆمار بکات و دووەم گۆڵکاری خولی نایابی کوردستانە دوای فەرحان شکور.