یاریگا –
لە یاریی کلاسیکۆی گەورەی ئێران، لە نێوان پێرسپۆلیس و سێپاهاندا، رووداوێکی سەرنجڕاکێش و دەگمەن روویدا.
یارییەکە تەنیا بە ئامادەبوونی هاندەرانی ئافرەت بەڕێوەچوو، ئەمەش رووداوێکی پێشتر نەکراوە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان بێت، زیاتر لە 35 هەزار خانمە هاندەر ئامادەی یاریی کلاسیکۆ بوون.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، بۆچی تەنیا هاندەرانی ئافرەت ئامادەی یارییەکە بوون؟
لە یاریی پێشووتری نێوان هەردوو یانەکەدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەندامێکی کۆمەڵەی هاندەرانی سێپاهان ”ئەڵتراس” لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەوە و تیایدا وەکو سووکایەتی توانجی لە هاتنە ژوورەوەی هاندەرانی ئافرەت بۆ یاریگاکان کرد.
هاندەرەکە لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت:
تۆپی پێ تەنیا بۆ پیاوانە و ئافرەتان دەبێ تەنیا لە ماڵەوە بن.
قسەکانی هاندەرەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. پێرسپۆلیس زوو سکاڵای لەسەر هاندەرەکە تۆمارکرد و دواتر لەلایەن دەزگاکانی ئەمنی دەستبەرسەرکرا.
دواتر لیژنەی تەمبێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئێران، لە بریارێکی سەرنجراکێشدا، بڕیاریدا بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی ئێران، رێگە بە پیاوان نەدرێت ئامادەی یاریی کلاسیکۆ ببن و تەنیا ئافرەتان دەتوانن بچنە یاریگا.
یاریی کلاسیکۆ لە یاریگای نەقشی جەهان لە ئەسفەهان بەڕێوەچوو، سێپاهان 2-1 یارییەکەی لە پێرسپۆلیس بردەوە و تەنیا خانمان ئامادەی یارییەکە بوون.
بەدرێژایی یارییەکە، هیچ رووداوێکی ناوەرزشی لە یارییەکەدا تۆمارنەکرا، تەنانەت هیچ دەبەیەکی ئاو فڕێنەدرایە نێو یارییەکە و لێزەر بۆ لابردنی سەرنجی یاریزانان بەکارنەهێندرا، چونکە پێشتر ئەمانە نەریتی یاریی کلاسیکۆ بوون.
سەید محەمەد کەریمی، کاپتنی سێپاهان لەبارەی رووداوەکە گوتی:
ئەمە رووداوێکی زۆر گەورەیە لە مێژووی تۆپی پێی ئێران، بە ئامادەبوونی دایک و خوشکانمان دڵخۆش بووین و هیوادارم پیاوان لە خانمانەوە فێربن.