لە چەند کاتژمێری داهاتوو چوارقوڕنە راهێنەری تازە دەستنیشان دەکات
یاریگا –
چوارقوڕنە بۆ یارییەکانی داهاتووی خولی نایابی کوردستان لەگەڵ راهێنەری وەرزی رابردووی رانیە لە گفتوگۆدایە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی رمزی سالحی راهێنەری پێشووی چوارقوڕنە، کارگێڕی تیپەکە ئەرکی راهێنەرایەتیان بۆ یارییەکەی شەقڵاوە بە هەردی نورەدین سپارد و لەم یارییەشدا شکستی هێنا، تۆڕی وەرزشی یاریگا لە بەدوا داچوونێکیدا دەربارەی راهێنەری تازەی چوارقوڕنە ئەوەی دەستکەوت کە کارگێڕی یانەکە لە گفتوگۆدان لەگەڵ رەفیق سەعیدی راهێنەری وەرزی رابردووی رانیە بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتووی یانەکە راهێنەرایەتی تیپەکە بکات.
گفتوگۆی نێوان دەستەی کارگێڕی چوارقوڕنە و رەفیق سەعید ئاستێکی باشی بڕیوە، تەنها چەند کێشەیەکی بچووک ماوە و رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوو رەفیق سەعید وەک راهێنەری تازەی سەوز پۆشەکانی دەڤەری راپەرین بناسێنرێت.
لە شەش یاریی رابردوودا چوارقوڕنە سێ شکست و سێ یەکسان بوونی هەیە و بە سێ خاڵ لە ریزبەندی 13ـەمی خولی نایابی کوردستان دێت.