یاریگا –
بڕیارێکی ‘نامۆ’ـی لویس ئێنریکی لە پاریس سانجێرمان هەمووانی تووڕە کردووە، رۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی بەهۆی بڕیاری یەدەکبوونی دۆنارۆما رەخنەی توند لە راهێنەرە ئیسپانییەکە دەگرێت.
چەند یارییەکە لویس ئێنریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان بڕیاریداوە ماتڤی سافۆنۆڤ گۆڵپارێزی رووسی لەجیاتی جیانلویجی دۆنارۆما گۆڵپارێزی ئیتاڵی سەرەکی بێت، کە گۆڵپارێزە رووسییەکە لە یاریی بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ هەڵەیەکی کوشندەی کرد و یانە فەڕەنسییەکە 1-0 تووشی شکست بوو.
دانیێل ریۆلۆ رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لەبارەی بڕیارەکەی ئێنریکی دەڵێت :’نازانم سافۆنۆڤ بۆ سەرەکییە؟ ئەو بەرپەرچدانەوانەی ئەو دەیکات هەموو رۆژێک دۆنارۆما دەیانکات، نازانم بۆچی ئەم بڕیارەی داوە، ئایا پاریس سانجێرمان گرێبەستی لەگەڵ سێپ مایەر یان لیڤ یاشین کردووە بۆ ئەوەی دۆنارۆما لەسەر کورسی یەدەک بێت، سافۆنۆڤ سەرەکییە کە لە کراسنۆداری رووسییەوە هاتووە و لە یارییەکەی بایرن هەڵەیەکی زۆر پووچی کرد’.
رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە رەخنەی توند لە ئێنریکی دەگرێت و دەڵێت :’ئێنریکی وەکو مۆرینیۆیە دەیەوێت بە بڕیارەکانی بێڕێزی بەرامبەر کەرەستە و یاریزانەکانی یانەکەی بکات، ئەم پیاوە وادەزانێت کەسێکی رۆشنبیرە بۆیە ئەم جۆرە بڕیارانە دەدات، هەر یارییەک بە پێکهاتەیەک یاریی دەکات’.
ئێنریکی لەم وەرزە لە 11 یاریی بە سەرەکی یاریی بە دۆنارۆما کردووە و لە 5 یاریش یاریی بە سافۆنۆڤ کردووە، کە لە چامپیۆنزلیگ لە 5 یاری تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ لە پلەی بیست و شەشەم دێت و نزیکە لە قۆناخی یەکەمەوە ماڵئاوایی بکات.