یاریگا –
وا دایرە هاری ماگوایەر کۆتا وەرزی خۆی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەڕێدەکات و شوێنێکی لە یانەکەدا بۆ نامێنێتەوە.
مان یونایتد هاوینی رابردوو پێنج گرێبەستی دیاری ئەنجام دا کە سیان لەوانە بۆ هێڵی بەرگری بوو. ئەوانیش لێنی یۆرۆ، ماتیاس دی لیخت و نوسەیر مزراوی. بەوەش ماگوایەر وەک یاریزانی یەدەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گرایم بایلی رۆژنامەنووسی ناسراوی ئینگلیز، مانچێستەر یونایتد هیچ نیازێکیان پیشان نەداوە بۆ هێشتنەوەی بەرگریکارە ئینگلیزیەکە لە ئۆڵدترافۆرد.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەم هاوینەی دێت گرێبەستی یاریزانە 31 ساڵانەکە لەگەڵ مان یونایتد بەسەردەچێت. بەوەش ناوبراو بە هاتنی روبێن ئامۆریمی پۆرتوگالیش بۆ راهێنەرایەتی مان یو، گەرەنتیەک نییە بۆ مانەوەی لەو یانەیەی کە ماوەیەکی زۆر کاپتنیان بوو.
ماگوایەر کە هاوینی 2019 وەک یەکێک لە گرانبەهاترین گواستنەوەکان (70 ملیۆن پاوەند) لە لێیستەر سیتیەوە گواسترایەوە بۆ ریزی شەیتانە سوورەکان، لەم وەرزە لە 10 هەفتەی پرێمەرلیگدا تەنها 5 یاری بەشداریپێکراوە.