ماڵپەڕی گۆڵ لە راپۆرتێکی شیکاریدا بە ناونیشانی “ئیتر بەسە” باسی شەش هۆکاری سەرەکی دەکات کە بەسن بۆ ئەوەی ئێریک تێن هاگ لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد دووربخرێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سکای سپۆرت، مانچێستەر متمانەی خۆی بۆ تێن هاگ دووپاتکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ بەئەنجامی 3-0 دۆڕان بە تۆتنهام و لەم وەرزەدا لە شەش هەفتەی سەرەتا تەنها 7 خاڵیان کۆکردووەتەوە.
هۆکارەکان
نە ناسنامەیان دیارە و نە کلتور!
یونایتد لە یەکەم شەش یاریدا تووشی سێ شکست هاتووە و ئەمەش لە بێ بەختی نەبووە، بەڵکو ئاستییان هاوشێوەی تیمێکی خوار ناوەڕاستی ریزبەندییە و رەنگدانەوەی راستەقینەی خۆیانە.
یونایتد هیچ ناسنامەیەکی نیە لە یاریکردن دا. گاری نیڤڵی ئەفسانەیەکی یانەکە پاش شکستەکەی تۆتنهام ئاستی مانچێستەری بە “قێزەون” ناوبرد
نایڤڵ ریۆ کۆکەری یاریزانی پێشووی ئەستۆن ڤیلاش بۆ بی بی سی وتی
“چ شتێک بڵێم کە پێشتر نەوترابێت لەسەر ئەوان ؟ یونایتد هیچ ناسنامەیەکی نیە و کلتوری یانەکەی پێوە دیار نیە. لەسەر دەستی تێن هاگ یاریزانەکان هیچ هەوڵێک نادەن”.
هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی
تێن هاگ هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات دوای شکستەکان و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان نادات. دوای یارییە خراپەکەی بەرامبەر تڤێنتی، خۆی لە بەرپرسیاریەتی شکستەکە دۆزیەوە وتەنها وتی “پێویستە کەمێک خۆمان باشتر بکەین و پێویستمان بە کاتی زیاترە و هەروەها پێکانیشمان هەیە.
ئەمە لە کاتێکدا بەر لەو یارییە وتبووی “پێم ناخۆشە کە دەبێت ئازاری یانەکەی پێشووم بدەم و لێیان ببەمەوە”.
ئێریک بەردەوام داوای دان بەخۆدا گرتن و کاتی زیاتر دەکات لە کاتێکدا لە مانگی چواری 2022 ـەوە راهێنەری ئەو یانەیە، بێ ئەوەی توانیبێتی گۆڕانکاری ئەرێنی بکات.
گواستنەوەی خراپ
تێن هاگ تا ئێستا 805 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە لە گواستنەوەی 15 یاریزاندا لەوەتەی بووەتە راهێنەری یونایتد. لە نێویاندا لیساندرۆ مارتینێز تەنها گرێبەست بوو کە باش یاری کردبێت، هەرچەندە ئەویش لەم وەرزەدا ئاستی وەک پێویست نیە.
ئەنتۆنی، کاسیمیرۆ، ڤاران، هۆیلوند، ماونت هیچ کامێکیان ئەو ئاستەیان پێشکەش نەکرد کە لە یانەکانی پێشوویان نیشانیان دەدا. هەروەها ئەم هاوینە دی لیخت و مەزراوی، ئوگارتی و زیرکزی گواستەوە، دووبارە هیچیان وەک پێویست نین و لە یانەکەی پێشوویان یاریزانی یەدەگ بوون.
جیاوازیکردن لە نێو یاریزانان
تێن هاگ بە روونی ئەوەی پێوە دیارە کە زیاد لە پێویست گرنگی بە یاریزان دەدات یاخود پشت گوێیان دەخات.
لەم وەرزەدا هیچ کامێک لە راشفۆرد، برونۆ فێرناندێز و دیێگۆ دالۆت ئاستییان وەک پێویست نیە و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە پێکهاتەی سەرەکین. ساڵی رابردوو بەردەوام یاری بە ئەنتۆنی دەکرد بێ ئەوەی هیچ سوودێکی هەبێت.
لە کاتێکدا، یاریزانانی وەکو کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جەیدن سانچۆی پشتگوێ خست و سەرەنجام یانەکەیان جێهێشت لە کاتێکدا رۆناڵدۆ باشترین گۆڵکاری یانەکە بوو، وە سانچۆ لە دۆرتموند و ئیستاش لە چێڵسی ئاستی بەرز پێشکەش دەکات.
مامەڵەی نا پیشەگەر
تێن هاگ کێشەی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانەکانیدا و ئەمەش بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
پاش یارییەکەی تڤێنتی تێن هاگ پێوەی دیار نەبوو کە ناڕازی بێت لە ئاستی یانەکە، بەڵام کریستیان ئێریکسن نا ئومێدی خۆی نەشاردەوە و وتی “یارییەکە بەجۆرێک بوو وەک ئەوەی تڤێنتی لە ئێمە زیاتر مەبەستیان بێت بۆ بردنەوە هاتوون”.
رود گولیت لە میانەی بەرنامەیەکی شیکاریدا وتی “تێن هاگ داوای لە گارناچۆ کردبوو کە بچێت بۆ لای بەڵام ئەو پشتگوێی خست. پاشانیش کاتێک گۆڕانکاری پێکرد بۆ نێو یاریگا، ماوەیەکی زۆر بێزاریکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد بە جۆرێک ئەو یاریزانە پێوەی دیار بوو کە گرنگ نیە لای راهێنەرەکەی چی دەڵێت”.
لە چەند جارێکی دیکەشدا لەبەردەم میدیاکان و لەنێو یاریگا پێوەی دیار بووە کە لەگەڵ کاسیمیرۆ، ئەنتۆنی و دیالۆ تووڕەبووە و زیاد لە پێویست رایگرتوون لە کاتێکدا دەکرا لەژووری خۆگۆڕین قسەیان بۆ بکات.
نەبوونی کاریزما
ستانداردی کاریزما لە یونایتد پێشتر سێر ئەلێکس فێرگسۆن بوو، کە سەرەڕای ئەوەی توند بوو بەڵام هەمیشە رێزی لێگیراوە. ئەمە پێچەوانەی تێن هاگە، کە بەردەوام دەیەوێت خۆی توند نیشان بدات بەڵام گوێی لێناگیرێت. چ لە کەیسەکانی وەک رۆناڵدۆ و سانچۆ بێت یاخود ئەو کەیسانەی دیکەی باسمان کرد.
تێن هاگ بەهۆی نەبوونی کاریزما، ناتوانێت متمانە ببەخشێت بە یاریزانەکانی و گوێ لە رێنماییەکانی بگرن. کاتی ئەوە هاتووە بڵێین راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد گەورەترە لەوەی تێن هاگی بێ کاریزما راهێنەری بێت.
ئێریک بەردەوام باسی ئەو دوو ناسناوە بچووکە دەکات کە بەدەستی هێناون و وەک سەروەری گەورە ناویان دەهێنێت لە کاتێکدا مێژووی یونایتد و خەونی هاندەرانی پێمان دەڵێت یونایتد پێویستە زۆر ئامانجی بەرزتری هەبێت.