ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

چێڵسی ئۆفەرێک بۆ دەستبەرداربوون لە کێپا رەتدەکاتەوە

ریال مەدریدیش بە یەکجاری دەستبەرداری نەبووە

Yariga App

یاریگا –

چێڵسی ئۆفەرێکی یانەی ئیتیحادی سعودی بۆ دەستبەرداربوون لە کێپا رەتدەکاتەوە.

رۆژنامەنووسی ماڵپەڕی ئاتڵێتیک دەیڤد ئۆرنشتاین بڵاویکردووەتەوە، بۆ گواستنەوەی کێپا ئاریزابالاگا ئیتیحاد ئۆفەرێکی سەرەتایی پێشکەش بە چێڵسی کردووە بەڵام یانە لەندەنییەکە ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتڵێتیک، گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە بڕیاریداوە لەم هاوینە بە یەکجاری چێڵسی جێبهێڵێت، چەند یانەیەکیش خۆیان بۆ گواستنەوەی ئامادە کردووە.

کێپای تەمەن 29 ساڵان تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ چێڵسی هەیە، وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەڵام لەدوای مانگی یەک بەشداری تەنیا یەک یاریی یانە ئیسپانییەکەی کرد.

بەهۆی پێکانە سەختەکەی تیبۆ کۆرتوا لە سەرەتای وەرز، ئاریزابالاگا وەک شوێنگرەوەی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە پەیوەندی بە مێرێنگی کرد و هەر لە سەرەتاوە وەک گۆڵپارێزی سەرەکی پشتی پێدەبەسترا.

بەڵام لە ناوەڕاستی وەرز بەهۆی چەند هەڵەیەک پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەی لەدەستدا و کارلۆ ئانچێلۆتی بڕیاریدا بەشێوەی سەرەکی پشت بە ئاندرێ لۆنینی ئۆکراینی ببەستێت.

کێپا لەگەڵ ریال مەدرید

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەگەر لونین لەم هاوینە ریال مەدرید جێبهێڵێت، ئەوا یانەکە کێپا دەکات بە شوێنگرەوەی و ناوبراویش حەز بە مانەوە لە لۆس بلانکۆس دەکات.

هاوینی رابردوو ئیتیحاد گرێبەستی لەگەڵ ئێنگۆلۆ کانتێی هاوڕێی پێشووی کێپا واژۆکرد، کەریم بێنزێمای ئەستێرەی ریال مەدرید و فابینیۆی بەرازیلیشی لە لیڤەرپوولەوە گواستەوە. بەڵام ئاستی یانەکە وەک پێویست نەبوو، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button