فه‌ره‌نساگرنگترینیۆرۆی 2024

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا چارەنووسی دیشامی یەکلاکردەوە

بڕیاری کۆتایی لەبارەی راهێنەرەکەی فەڕەنسا راگەیاندرا

Yariga App

یاریگا –

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا چارەنووسی دیشامی یەکلاکردەوە و دووپاتیکردەوە ئەو راهێنەرە لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە قۆناخی پێش کۆتایی یۆرۆی 2024 لەسەر دەستی ئیسپانیا کرایە دەرەوە، بەڵام فیلیپ دیالۆ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فڕەنسا لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی دووپاتیکردووەتەوە، دیدیێ دیشام تاوەکو هاوینی 2026 لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا لەبارەی داهاتووی دیشام دەڵێت :’بە بڕوای من هیچ هۆکارێک نییە پرسیار لەبارەی داهاتووی دیشام بکرێت، ئەنجامەکانی رابردووی و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی هێناون لەجیاتی ئەو قسە دەکەن و دەرخەری ئەو راستییەن، دیدیێ دیشام لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت’.

فیلیپ دیالۆ لە لێدوانەکەی بۆ لیکیپ دووپاتی دەکاتەوە، ئەو خۆی داوای لە دیشام کردووە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بەردەوام بێت و تاوەکو مۆندیالی داهاتوو لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت.

دیشام دوای ماڵئاوایی کردنیان لە یۆرۆی 2024 کە لە قۆناخی پێش کۆتایی 2-1 بە ئیسپانیا دۆڕان، لەبارەی داهاتووی خۆی گوتی :’بڕوا ناکەیت، پرسیار لە سەرۆکەکەم (یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا) بکە، من یارییەکی پێشکۆتاییم دۆڕاندووە، پێت وایە کاتی ئەوەیە بڕۆم، رێز لە بڕیارەکە دەگرم، بەڵام هەوڵبدە رێز لەو کەسانە بگرە کە بەرپرسیارەتییان هەیە، بە هزرێکی تەواو ئارام پێت دەڵێم، ئەوەی روویدا رۆیشت، لێرەم بۆ ئەوەی پرسیارەکانت وەڵام بدەمەوە، بەڵام ئەمڕۆ وەڵامی ئەم پرسیارە نادەمەوە، هەرچەندە تۆ دۆخەکە باش دەبینیت، تۆ باش دەزانیت سەرۆکەکەم چۆن بیر دەکاتەوە’.

دیشام لەوەتەی ساڵی 2012 ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فڕەنسای وەرگرتووە و لە 159 یاری 101 بردنەوە و 33 یەکسان و 25 دۆڕانی بەدەستهێناوە، نازناوی مۆندیالی 2018ـی بۆ کەڵەشێرەکان بەدەستهێنا و لە مۆندیالی 2022 پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە یۆرۆی 2016 پلەی دووەمی بەدەستهێنا و نازناوی نەیشنزلیگی 2020/2021ـیشی بۆ هەڵبژاردەکە بردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button