عێراقگرنگترینمۆندیالی 2026

کاساس لەبارەی ئەنجامی تیروپشکی پاڵاوتنی مۆندیال: کێشەیەکمان هەیە

داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکات چارەسەری بکات

Yariga App

یاریگا –

کاساس لە ئەنجامی تیروپشکی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 رازییە، بەڵام دەڵێت ‘لە دەستپێکی پاڵاوتنەکان کێشەیەکمان دەبێت’.

خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق  لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لەبارەی ئەنجامی تیروپشکی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 دەڵێت :’تیروپشکەکە هاوسەنگە، لە سەرجەم کۆمەڵەکان کێبڕکێیەکی بەهێز لەسەر بەدەستهێنانی دوو بلیتەکەی کۆمەڵەکان دەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگەنە مۆندیال، تەنیا 10 یاریی دەکرێن و هەر هەڵەیەک باجی قورس دەبێت’.

هەروەها راهێنەرەکەی عێراق دەشڵێت :’ئێمە دەبێت لە هەر یارییەک وەکو یاریی کۆتایی لێ بڕوانین، هەوڵ بدەین لە هەر یارییەک کەمترین هەڵە بکەین، ئێمە یەک کێشەمان لە پاڵاوتنەکان دەبێت، لە دەستپێکی پاڵاوتنەکان کە مانگی نۆ دەستپێدەکات، هێشتا خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستی پێ نەکردووە، پێویستە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق قسە بکەین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە، ناکرێت خولی وڵاتانی دیکە دەستپێبکات تەنیا خولی عێراقی دەستی پێ نەکردبێت، بۆیە ئێمە لە دۆخێکی باشدا نابین، یاریزانەکانمان لە خولەکانی دیکەش ناتوانن پەیوەندی بە کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەکەمان بکەن’.

راهێنەرە ئیسپانییەکە داوا لە هاندەران دەکات پشتیوانیان بکەن و دەڵێت :’داوا لە هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەکەم وەکو هەمیشە پشتیوانی یاریزانەکان و دەستەی راهێنەران بکەن، لە ساتە خۆش و ناخۆشەکان لەگەڵمان بن، چونکە لەوانەیە بە هەندێک قۆناخی سەختدا تێبپەڕین بۆ ئەوەی خەونی عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەدەست بهێنین’.

عێراق لە سەرەتای مانگی سێپتێمبەر/ئەیلوول دوو یاریی دەستپێکی پاڵاوتنەکانی بەرامبەر عومان و کوەیت دەکات، کە رۆژانی 5 و 10ـی ئەو مانگە دەکرێن، بەڵام وابڕیارە رۆژی 20ـی سێپتێمبەر یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێبکات.

عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال هاوشانی هەریەکە لە عومان، کۆریای باشوور، ئوردن، فەلەستین و کوەیت یاریی دەکات و لەو سێ کۆمەڵەیە لە هەر کۆمەڵەیەک دوو هەڵبژاردە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026.

بابەتی زیاتر

Back to top button