عێراقگرنگترین

پریڤیوی یاریی کلاسیکۆی کوردستان؛ دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی هەولێر دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 07:30 دهۆک لە گەڕی سی و چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە ناوبژیوانیەتی عیسام فازڵ میوانداریی هەولێر دەکات، کە هەردوولا لە یاریی کلاسیکۆی یەکەمیان لەم وەرزە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری 1-1 یەکسانبوون.

ئامارەکانی رووبەڕووبوونەوەکانیان لە خول و جامی عێراق

یانەی دهۆک رایگەیاندووە، لە مێژوودا 31 جار لە یاریی کلاسیکۆ رووبەڕووی هەولێر بوونەتەوە 11 جار یەکسانبوون و دهۆک 11 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 9 یاریش هەولێر سەرکەوتووە.

بەگویرەی ئەو ئامارانەی یانەی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، لە یارییەکانی کلایسکۆی کوردستان 66 گۆڵ تۆمارکراون، دهۆک 36 گۆڵی کردووە و هەولێریش 30 گۆڵی کردووە.

یانەی هەولێریش رایگەیاندووە، لە مێژوودا هەولێر و دهۆک لە خولی نایاب و پلە یەک و پلە دوو و جامی عێراق 44 جار بەیەکگەیشتوون، هەولێر 16 بردنەوەی بەدەستهێناوە و دهۆکیش 14 بردنەوەی هەبووە، لە 14 یارییەکەی دیکەش یەکسانبوون.

یانەکەی قەڵاومنارە لە یارییەکانی کلاسیکۆ 51 گۆڵیان کردووە و هەڵۆیەکانی چیاش 44 گۆڵیان کردووە، یەکەم یاریی فەرمی نێوانیان لە خولی پلە دووی عێراقی رۆژی 1981/7/10 بووە، کە لەو یارییەدا لە کۆمەڵەی باکوور هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەناو یاریگای دهۆک 4-1 لە دهۆکی بردووەتەوە.

لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا لە خولی عێراق، هەولێر دوو یاریی کلاسیکۆی بردووەتەوە و دهۆکیش بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە و لە دوو یارییەکەی دیکەش یەکسانبوون.

بێبەشبووانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان

لە یانەی هەولێر هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و ئاداما بالۆ کە لە یاریی رابردووی یانەکە بێبەشبوون، بۆ ئەم یارییە گەڕاونەتەوە و بۆ سەمیر بابۆ لەو یارییە بەردەست دەبن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان هەریەکە لە هێلیۆ مۆنتێرۆ و لویس ئێدوار بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانیان بێبەش دەبن، محەمەد موحسین بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکەی دهۆک بەردەست نابێت، مستەفا قابیلیش بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ ئەم یارییە لەگەڵ زەردپۆشەکان گەشتی دهۆکی نەکردووە.

لە دهۆکیش، جگە لە رۆبن ئاکوا ناوەڕاستکاری غانی سەرجەم یاریزانەکانی دیکە بۆ ئەحمەد خەلەف بەردەستن بۆ یاریی ئەمڕۆ بەرامبەر هەولێر ئامادە دەبن.

ریزبەندیی دهۆک و هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق

دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 33 یاری 13 بردنەوە و 13 یەکسان و 7 دۆڕانی بەدەستهێناوە، هەڵۆیەکانی چیا 33 گۆڵیان کردووە و 25 گۆڵیان لێکراوە، بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولەکە دێن و لەگەڵ زاخۆ و نەجەف شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی پلەی چوارەمی خولەکە دەکەن.

هەولێریش لە 33 یاری 8 بردنەوە و 12 یەکسان و 13 دۆڕانی بەدەستهێناوە، یانەکەی پایتەخت 35 گۆڵیان کردووە و 40 گۆڵیان لێکراوە، بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت و هەشت خاڵ لە ناوچەی دابەزین دوورە.

یەکەم کلاسیکۆی سەمیر بابۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق

سەمیر بابۆ کە مانگێکە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری گرتووەتە ئەستۆ، ئەمڕۆ یەکەم یاریی کلاسیکۆی کوردستان وەکو راهێنەری هەولێر ئەنجام دەدات.

هەولێر لەوەتەی سەمیر بابۆ ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی گرتووەتە ئەستۆ لە شەش یاری دوو بردنەوە و دوو یەکسان و دوو دۆڕانی بەدەستهێناوە، کوڕانی سەمیر بابۆ لەو شەش یارییە حەفت گۆڵیان کردووە و شەش گۆڵیان لێکراوە، تیمەکەی بابۆ سێ کلین شیتیشی تۆمار کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button