چامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پریڤیوی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ؛ هەموو شتێک لەبارەی یارییەکەی ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند بزانە

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو کاتژمێر 22:00 ریال مەدریدی ئیسپانی و بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای وێمبلی لە لەندەن بەیەک دەگەن، سلاڤکۆ ڤێنچیچ ناوبژیوانی سلۆڤاکی یارییەکە بەڕێوە دەبات.

سەرجەم یاریزانانی هەردوولا بۆ یارییەکە ئامادەن

تەواوی یاریزانانی ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن، ئاندریێ لونین کە پێنج رۆژە لە راهێنانەکانی ریال مەدرید دابڕاوە و لەگەڵ یانەکەی گەشتی لەندەنی نەکردووە، وابڕیارە ئەمڕۆ گەشتی لەندەن بکات و بۆ یارییەکە ئامادە بێت، بەڵام لەسەر کورسی یەدەک دەبێت، لەکاتێکدا رۆڵێکی کاریگەری لە سەرخستنی مێرەنگی بۆ یاریی کۆتایی هەبوو.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید: رۆژی شەممە لونین گەشت دەکات و دێتە لەندەن، بەڵام لەسەر کورسی یەدەک دەبێت و کۆرتوا سەرەکی دەبێت.

کرووس و رۆیس ماڵئاوایی لە یانەکانیان دەکەن

ئەمشەو بۆ تۆنی کرووس و مارکۆ رۆیس تایبەت و لەبیرنەکراو دەبێت، هەردووکیان دوایین یاریی بە درێسی یانەکانیان دەکەن و بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لە هاندەرانیان دەکەن.

تۆنی کرووس کە لەوەتەی ساڵی 2014 لە ریال مەدرید یاریی دەکات، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ ئەمشەو دوایین یاریی بە درێسی ریال مەدرید دەکات و ئەم هاوینە دوای بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت.

کرووس (34 ساڵان) کە ئەم وەرزە نازناوی لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ ریال مەدرید بەرزکردەوە، دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی لە یانە مەدریدییەکە بکات کە پێشتر پێنج جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

مارکۆ رۆیس (35 ساڵان) کە دوێنێ رۆژی لەدایکبوونی بوو، دوای 12 ساڵ ماڵئاوایی لە هاندەرانی بۆڕووسیا دۆرتموند دەکات و وەکو ئەوەی پێشتر رایگەیاندووە، ئەمشەو دەبێتە دوایین یاریی خۆی بە درێسی زەردپۆشەکان و یانەکە بەجێدەهێڵێت.

رۆیس کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2013 بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕان، دەیەوێت ئەمشەو بە بەرزکردنەوەی جامە گوێچکەدارەکە ماڵئاوایی لە زەردەوالەکان بکات.

رووبەڕووبوونەوە مێژووییەکانیان لە چامپیۆنزلیگ

لە مێژوودا ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند 14 جار رووبەڕووبوونەتەوە و ریال مەدرید 6 بردنەوە و بۆڕووسیا دۆرتموند 3 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 5 یاری یەکسانبوون، سپیپۆشەکان 24 گۆڵیان لەدژی دۆرتموند کردووە و زەردپۆشەکانیش 19 گۆڵیان لەدژی ریال کردووە.

ریال و بۆڕووسیا جگە لەوەی جارێک لە چارەکی کۆتایی رووبەڕووبوونەتەوە، دوو جار لە پێش کۆتایی بەیەک گەیشتوون و هەرگیز لە یاریی کۆتایی رووبەڕوو نەبوونەتەوە.

لە وەرزی 2012/13 بۆڕووسیا دۆرتموند لە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر ئەستۆی ریال مەدرید خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی، لە یاریی چوون رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و هاوڕێیەکانی 4-1 بردنەوەیان بەدەستهێنا و لیڤا لەو یارییە سوپەر هاتریکی کرد، لە یاریی گەڕانەوەش لۆس بلانکۆس 2-0 لە دۆرتموندی بردەوە و نەیتوانی ریمۆنتادا بکات.

پێشتر لە پێش کۆتایی وەرزی 1997/98 رووبەڕووبوونەتەوە کە ریال مەدرید لە یاریی چوون 2-0 بردنەوەی بەدەستهێنا و لە یاریی گەڕانەوەدا هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.

لە وێمبلی نازناوی ژمارە 15 یان 2 بەرز دەکەنەوە؟

دۆرتموند لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا سێیەمجارە لە یاریی کۆتایی یاریی دەکات، پێشتر لە دوو یاریی کۆتایی نازناوێکی بەدەستهێناوە و جارێکیش دۆڕاوە، زەردەواڵەکان 4 گۆڵیان کردووە و 3 گۆڵیان لێکراوە.

مەدریدییەکان لە مێژوودا 17 جار گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و 14 جار نازناوەکەیان بەرزکردووەتەوە و تەنیا 3 جار تووشی شکست بوون، 43 گۆڵیان کردووە و 23 گۆڵیشیان لێکراوە، لۆس بلانکۆس لە دوایین 8 یاریی کۆتایی 8 بردنەوەی بەدەستهێناوە.

راستییەکانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

  • پێنجەم جارە یانەکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕوو دەبنەوە، پێشتر یانەکانی هەر وڵاتێک دوو جار بردنەوەیان بەدەستهێناوە، بایرن میونشن ساڵانی 1974 و 2000 لە ئاتلێتیکۆ مەدرید ڤالێنسیای بردەوە، ریال مەدریدیش ساڵانی 1960 و 2002 لە ئێنتراخت فرانکفۆرت و بایەر لیڤەرکوزنی بردووەتەوە.
  • ساڵی 2012 بۆڕووسیا دۆرتموند لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای وێمبلی لەسەر دەستی بایرن میونشن تووشی شکست بوو، دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە دۆرتموند دەگەڕێتەوە یاریی کۆتایی و لە هەمان یاریگا یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕێوە دەچێت.
  • لەم وەرزە دووەمجارە دۆرتموند رووبەڕووی یانە ئیسپانییەکان دەبێتەوە، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لە یاریی چوون و گەڕانەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە، لە یاریی یەکەم 1-2 و لە یاریی دووەم 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
  • لە مێژوودا دۆرتموند 10 جار لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانە ئیسپانییەکان بووەتەوە و 7 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 3 یاریشی دۆڕاندووە.
  • ریال مەدرید لە مێژوودا بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکان 41 بردنەوە و 16یەکسان و 24 دۆڕانی تۆمارکردووە.
  • لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا تا ئێستا یاریزانانی 53 نەتەوەی جیاواز نازناوەکەیان بەدەستهێناوە، بەڵام هەر یاریزانێکی تورک لە یاریی کۆتایی بەشداریی کردبێت دۆڕاوە، چوار یاریزانی تورک لە یاریی کۆتایی دۆڕاون، بەڵام ئەمشەو یاریزانی تورک لە هەردوو یانە هەن و بۆیەکەمجار لە مێژوودا یاریزانێکی تورک دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئاردا گولەر لە ریال مەدرید یان ساڵح ئۆزجان لە بۆڕووسیا دۆرتموند دەبێتە پاڵەوان.

لە 15 خولەکی کۆتایی یارییەکەی ئەمشەو چی روودەدات؟

بەگوێرەی بنکۆڵکارییەکی تۆڕی ئۆپتا، ریال مەدرید لە یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ تاکە یانەیە لە 15 خولەکی کۆتایی یارییەکاندا 9 گۆڵی کردبێت، بەڵام بۆڕووسیا دۆرتموند تەواو پێچەوانەی ریال مەدریدە و یەکێکە لەو سێ یانەیەی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە چارەکی کۆتایی یارییەکان بەهیچ شێوەیەک گۆڵی لێنەکراوە.

بەگوێرەی بنکۆڵکارییەکەی ئۆپتا، بۆڕووسیا دۆرتموند و لازیۆ و بێنفیکا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە 15 خولەکی کۆتایی یارییەکان هیچ گۆڵێکیان لێنەکراوە.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button