یاریگا –
بارسێلۆنا شکستی لە گواستنەوەی ئەلێکس گارسیا، ئەستێرەی جیڕۆنا هێنا و ئەستێرە کاتالۆنییەکە نزیکە لە بایەر لیڤەرکوزن.
بارسا دەمێکە هەوڵی گواستنەوەی گارسیا دەدات، تەنانەت لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو، هەوڵێکی جددی بۆ گواستنەوەیدا، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت.
گۆڤاری کیکەر بڵاویکردووەتەوە، بایەر لیڤەرکوزن گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەستێرەی جیڕۆنا و رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، گرێبەستەکە ئاشکرا بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤارە ئەڵمانییەکە بێت، لیڤەرکوزن و گارسیا بە زارەکی رێککەوتوون، ئێستا یانە ئەڵمانییەکە خەریکی گفتوگۆییە لەگەڵ جیڕۆنا، تاوەکو لەسەر بەهای گواستنەوەکە رێکبکەون.
جیڕۆنا داوای بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی گارسیا دەکات، ئەمەش نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی.
گارسیا، پێشتر یاری بۆ تیمی لاوانی مانچێستەر سیتی کردووە، لەم وەرزەدا رۆڵێکی سەرەکی لە گەیاندنی جیڕۆنا بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو گێڕاوە، بەشداری لە 40 یاری کرد، سێ گۆڵ و شەش ئەسیستی هەبوو.
دوای وەرزێی بێ دەستکەوت لە بارسێلۆنا، چاڤی لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورخرایەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا، هانسی فلیک بە فەرمی ئەرکی مەشقی یانە کاتالۆنییەکە دەگرێتە ئەستۆ.