ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کۆرتوا یان لونین؛ لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنچیلۆتی یاریی بە کامیان دەکات؟

Yariga App

یاریگا –

کۆرتوا بە ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس بە تەواوەتی ئامادەیی خۆی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دووپاتکردەوە، کە تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە کارلۆ ئەنچیلۆتی لە یاریی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتمۆند یاریی بە ئاندریێ لونین یان تیبۆ کۆرتوا دەکات.

دوای ئاستە بەرزەکەی کۆرتوا بەرامبەر ئالاڤێس بە تەواوەتی دیبەیتی نێوان گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە و ئاندریێ لونین فراوانتر بوو، ئێستا ناسنامەی گۆڵپارێزی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بووەتە پرسیاری هەمووان، لە نێوان کۆرتوا و لونین هەریەکێک بۆچوونێکی هەیە.

رۆژنامەی AS: کۆرتوا گرەوەکەی لە لونین بردەوە

رۆژنامەی ASـی ئیسپانی دوای ئەوەی کۆرتوا لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس کلین شیتێکی دیکەی تۆمارکرد، ئاشکرایکردووە کۆرتوا هەموو شتێکی بڕاندووەتەوە و لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەو یاریی دەکات.

کۆرتوا لەوەتەی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە، سێیەم یارییە لەسەریەک گۆڵەکەی خاوێن دەپارێزێت کە لەو یارییە بەرپەرچی 10 هێرشی دایەوە کە نیوەی ئەو شووتانەی ئاڕاستەی گۆڵەکەی کران لەناو ناوچەی سزا بوون.

گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بەهۆی پێکانی ئەژنۆی لە سەرەتای ئەم وەرزەوە لە یاریکردن دابڕابوو، بەڵام لەکۆی ئەو سێ یارییەی بەشداریی کردووە نەیهێشتووە تۆڕی گۆڵەکەی بهەژێنرێت و وردە وردە متمانەی هاندەرانی یانەکەی و راهێنەرەکەی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

ئامارەکانی کۆرتوا لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید
ئامارەکانی کۆرتوا لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید

ئەنچیلۆتی کامیان هەڵدەبژێرێت، کۆرتوا یان لونین؟

ئاندریێ لونین لەم وەرزە بەهۆی پێکانی کۆرتوا دەرفەتی قۆستەوە و بە ئاستە بەرزەکەی بووەتە جێگای متمانەی هاندەرانی مێرەنگی، لونین لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 30 یاری تەنیا 28 گۆڵی لێکراوە و 12 کلین شیتی تۆمارکردووە.

بۆ یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کە رۆژی 1ـی یۆنیۆ/حوزەیران لە یاریگا وێمبلی بەڕێوە دەچێت، ئەنچیلۆتی لە نێوان کۆرتوا و لونین دوودڵە، نازانێت کامیان هەڵبژێرێت، لە نێوان ئەزموونەکەی کۆرتوا و ئاستە بەرزەکەی لونین خۆی یەکلانەکردووەتەوە.

دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئالاڤێس، راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەبارەی گۆڵپارێزی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ گوتی :’دۆخەکە زۆر روونە، هێشتا دوو یارییمان لە لالیگا ماوە، کۆرتوا یارییەک دەکات و لونینیش یارییەک دەکات، ئینجا بڕیار دەدەین کامیان بۆ یارییەکەی دۆرتمۆند لەناو گۆڵ دەبێت’.

کۆرتوا دوای یارییەکەی ئالاڤێس چی گوت؟

تیبۆ کۆرتوا دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئالاڤێس گوتی :’من هەست بە باشی دەکەم، من لەوە تێدەگەم دەکرێت خەڵکی گومانیان هەبێت، بەڵام من وەکو جاران زۆر باشم، تەنانەت لەوانەیە ئێستا لە کۆرتوای جارانیش باشتر بم، من زۆرم پێویست بەم یارییە هەبوو، ئێستا دوای بەرپەرچدانەوەکانی یارییەکەی ئەمڕۆ هەست بە شانازیی دەکەم و زۆر دڵخۆشم، سبەی تیپەکەمان پشوو وەردەگرن، بەڵام من لەسەر مەشق و راهێنانەکانم بەردەوام دەبم’.

‘ئێستا هەست دەکەم وەکو گەڕاومەتەوە سەر توانا و دۆخی جاران، بەڵکو لەوانەیە لە کۆرتوای جاران باشتریش بووبم’.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button