ئه‌ڵمانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

جولیان ناگلیسمان، تەمەنێکی کەم و هەڵکشانێکی خێرا لە بواری ڕاهێنەرایەتیی

Yariga App

یاریگا –

بێ گومان هەوادارانی تۆپی پێ بە گشتی ئاشنان بە گەنجترین ڕاهێنەر کە مێژووی خولی ئەڵمانی بەخۆوە دیبێتی. جولیان ناگلیسمان.

بۆ زیاتر ناسینی ئەو ڕاهێنەرە ئەڵمانییە، باشترە تیشکێک بخەینە سەر کاروانە وەرزشەکەی لەگەڵ تۆپی پێدا و، هەندێک ڕاستیی تاڵ له ئەزموونی ناوبراودا وەک یاریزان.

ناگلیسمان، لە 23ی یۆلۆی ساڵی 1987 لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیای ڕۆژئاوای ئەوکات لەدایک بووە.  

پێش کاروانی پیشەگەرێتی وەک یاریزان، ناگلیسمان کە پێگەی دڵی بەرگریی بوو لە یاریگادا، لە 1999-2002 یاریی بۆ یانەی ئۆگسبێرگ و، لە ساڵی 2002-2006 یاریی بۆ میونخ 1860 کردووە. لە ساڵی 2006-2007 چۆتە ڕیزی پلە دووی میونخ، بەڵام بەهۆی پێکانەوە هیچ یارییەکی ئەنجام نەداوە. پاشان گەڕایەوە بۆ ئۆکسبێرگ.

وازهێنانی لە یاریکردن لە بەهاری تەمەنیدا! 

بە گەڕانەوەی بۆ ئۆکسبێرگ، ناگلیسمان بۆ جاری دووەم تووشی پێکان دەبێتەوە، پێکانێک لە بەستەرەی ئەژنۆیدا، کە بۆ هەمیشە لە یاریکردنی دوورخستەوە کاتێک تەمەنی تازە 20 ساڵان بوو! ئا بەو شێوەیە، کاروانەکەی وەک چرۆیەک هەر زوو پووکایەوە.

تۆماس تۆخل و ناگلیسمان، پەیوەندییەکی لەمێژینە 

بە گەڕانەوەی بۆ ئۆکسبێرگ، لەوێ تۆماس تۆخل ڕاهێنەر بوو، لەگەڵ وازهێنانی لە یاریکردن، بەڵام بەو تەمەنە بچووکەوە بوو بە یاریدەدەری تۆخل وەک سکاوت، واتا دۆزەرەوە و هەڵسەنگاندنی یاریزان.  

 

سەرەتای هاتنە نێو دونیای ڕاهێنەرایەتی 

پاش چوار ساڵی خوێندن لە بەشی کارگێڕی کار، دواتر فۆکسی خۆی خستە سەر زانستی وەرزش. لەوەشەوە دەرگای بە ڕووی خۆیدا کردەوە تا وەک یاریدەری ڕاهێنەر لە میونخ 1860 دەست بەکاربێت کاتێک تەمەنی هێشتا 20 ساڵێک دەبوو. تا ساڵی 2010 لەو ئەرکەی مایەوە. پاش ئەوە، ئەزموونەکەی دەوڵەمەندتر کرد  لەگەڵ هۆفینهایم. لە ساڵی 2013/2014 توانی وەک ڕاهێنەری ئەو یانەیە ببێتە پاڵەوانی  بۆندسلیگ بۆ خوار تەمەن 19 ساڵان. لێهاتوویی و زیرەکییەکەی وای لێکرد پێی دەوترا “مۆرینهۆی بچووک!”


 

گچکەترین ڕاهێنەری مێژوی بۆندسلیگا 

لە مانگی ئۆکتۆبەری 2015 کاتێک وەک ڕاهێنەری هۆفینهایم دەستنیشان کرا، هێشتا تەمەنی 28 ساڵان بوو، بەوەیش بوو بە بچووکترین ڕاهێنەر لە مێژووی خولەکەدا. بە وەرگرتنی پۆستەکە، یانەکە لە پلەی 17هەمی ڕیزبەندی و ناوچەی دابەزین بوو، بەڵام لێهاتوویی جولیان ڕزگاری کردن و بەهۆی بردنەوەی 7 یار یی لەو چواردە یاریە چارەنووسسازەی کە مایانبوو. 

 

نووسینەوەی مێژووییەکی گەورە بۆ هۆفینهایم 

ساڵی 2017 دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هۆفینهایم، پاداشتی نوێکردنەوەکە لەلایەن ناگلیسمانەوە بۆ هاندەرانی یانەکەی، وەرگرتنی پلەی سێیەمی بۆندسلیگا بوو بۆ یەکەمین جار لە مێژوویاندا و ڕاستەوخۆ وەرگرتنی کورسیەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی دواتر بوو. بەوەش بوو گەنجترین ڕاهێنەر لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا لە تەمەنی 31 ساڵی و 58 ڕۆژییدا.

سوارچاکی ئەسپی ڕەشی چامپیۆنزلیگ 

ناگلیسمان و خواستی زۆری بۆ بردنەوە، لەگەڵ لایپزیگدا پتر تەقیەوە. لە ساڵی 2019 وەک ڕاهێنەری ئەو یانەیە دەست بەکار بوو بۆ ماوەی چوار ساڵ. لێرەیش دەسکەوتێکی مێژوویی بۆ یانەکەی نووسیەوە کاتێک توانی لایپزیگ بگەیەنێتە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتییەکە. زۆ بە سەختیشی تۆتنهامەکەی مۆرینهۆی شکست پێ هێنا و، لە چارەکی کۆتاییش ئەتڵەتیکۆی ڕاماڵی تا گەیشتنی بە چوارگۆشەی زێڕین. لێرە ڕووبەڕووی پاریس بوویەوە کە تۆماس تۆخل ڕاهێنەرایەتی دەکردن. بەڵام مامۆستاکەی پێشووتری ڕێگر بوو لە فرەخواستیی ناگلیسمان و نەیهێشت بگاتە کۆتایی. 

بایەرن میونخ و گرانترین ڕاهێنەری مێژوو 

لە 27ی ئەپرێڵی 2021، بایەرن ناگلیسمانی وەک ڕاهێنەری نوێ دیاری کرد بە گرێبەستێکی پێنج ساڵی و بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ کە کردی بە گرانترین گواستنەوەی جیهان لە ئاستی ڕاهێنەرەکاندا. 

وەرزی 2021-2022 بایەرنی کرد بە پاڵەوانی خول، هەمان وەرز بوو بە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەڵمانیا.

بایەرن میونخ و، دەرکردنێکی هەرگیز چاوەڕواننەکراو! 

ناگلیسمان دوار بردنەوەی جامی سوپەری ئەڵمانیا لە ساڵی 2022، قۆڵی لێ هەڵماڵی بۆ چامپیۆنزلیگی ئەو ساڵە. قۆناغی کۆمەڵەکانی زۆر نایاب تێپەڕاند کە لە یانە گەورەکانی وەک ئینتەر و بارسێلۆنای بردەوە. توانی چواردە بردنەوەی لەسەر یەک تۆمار بکات لە کۆمەڵەکاندا، دوو لەگەڵ لایپزیگ و، 12 لەگەڵ بایەرن. ساڵ گەیشتە 2023 و ناگلیسمان و تیمەکەی زۆر ئامادە، بەڵام ئەوەی پێشبینی نەدەکرد ڕووی دا، کاتێک پشووی هەڵبژاردەکان دەستی پێکرد، ناگلیسمان بۆ کات بەسەربردن لە نەمسا بوو. لە خول، تەنها یەک خاڵ لەدوای دۆرتمۆندەوە بوو، بەڵام زۆر چاوەڕواننەکراو کارگێڕێ یانەکە بە پلەی یەکەم ئۆلیڤەر کان و حەسەن ساڵحئامیدزیچ بریاری دوورخستنەوەیان دا. لە شوێنی ئەو، تۆخلی مامۆستایان کرد بە شوێنگرەوەی. پاساوی ئۆلیڤەر کان ئەوە بوو کە دوای مۆندیال، ئەنجامەکانی بایەرن ناجێگیر بوون و هەندێ پاساویتری بابەتی. کاتی دوورخستنەوەکەی هێند هەستیار بوو، زۆرینەی چاودێران ڕەخنەی کارگێڕییان کرد نەک ئەنجامەکانی جولیان، چونکە پێش یاریی کلاسیکۆی بۆندسلیگا و، چارەکی کۆتایی جامی ئەڵمانی و چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر مان سیتی بوو. 

 

داتاکان لە بری ناگلیسمان قسە دەکەن! 

پاش دوورخستنەوەی، هەر زوو پسپۆرانی ئامار و داتاکان کەوتنە هەڵسەنگاند و بە زمانی ژمارە هاتنە گۆ. دەرکەوت لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ بایەرن، ڕێژەی بردنەوەکانی ناگلیسمان %71.4 بووە. ڕێژەیەک، کە لە مێژووی یانەکەدا تەنها گواردیۆلا و هانس فلیک و ئەنچلۆتی لە پێشیەوە دێن! 

ستایلی یاریکردن، تەکنەلۆژیا و داتا 

ناگلیسمان ڕاهێنەرێکی داهێنەرکارە لە بوارەکەیدا و پشت بە تەکنەلۆژیا و داتاکان دەبەستێت. سەروەختی هۆفینهایم، لە شوێنی ڕاهێنانەکان شاشەیەکی گەورەی بۆ ئامادە کرابوو کە لەوێوە هەڵەی یاریزانەکانی ڕاست دەکردەوە و پێداچوونەوەی بە چۆنێی شوێنگرتن (تمرکز)ی نێو یاریگای تیمەکەی دەکرد.  بەوەش پێویستی بە پشووی زۆری کاتی ڕاهێنانەکان نەدەبوو. لە هێرشبردندا پشت بە 3-5-2 (سێ – پێنج – دوو) دەبەستێت و، لە کاتی بەگرییشدا 3-4-3 یاخود 5-3-2.

لە بایەرین میونخ لە وەرزی یەکەمیدا پشتی بە پلانی 4-2-3-1 دەبەست بە هەبوونی دوو ناوەڕاستی بەرگریکاری وەک کیمیچ و گۆرێتزکا. تۆماس مولەریشی وەک یاریزانی ژمارە 10 له پشت لیڤاندۆڤسکی بەکار دەهێنا. لە لاکانیش، چەپ بۆ سانێ و ڕاست بۆ کومان کە هەردووکیان خێراییەکی باشیان هەبوو بۆ ڕەخساندنی پانتاییەکی زیاتر لە ناوەڕاستی یاریگا بۆ مولەر و لیڤاندۆڤسکی. 

بە ڕۆشتنی لیڤا، جولیان کێشەی هێڵی پێشەوەی بۆ دروست بوو. گیری خواردبوو بە دەست داڕشتەی 4- 2-3-1، ەرچەندە سوپەرستارێکی وەک سادیۆ مانێیشی بۆ هاتبوو. بەڵام نەیدەتوانی ئەرکەکانی لیڤا جێبەجێ بکات. هەربۆیە چۆپۆ مۆتنیگی له پێشەوە دانا و، جەمال موسیالایشی له پشتەوەی بەگەڕ خست.  

لە بەگریشدا، پێکهاتەکەی دەکردەوە بە 4-4-2، بەمە مولەر و موسیایلای بۆ فشارکردنی زۆر بەکار دەهێنا. 

 

ئێستا ماوەتەوە بڵێین، لە ئەگەری گواستنەوەی ئەزموونەکەی بۆ پریمەرلیگ، ئایا جولیان دەتوانێت موتوربەی عەقڵیەتە ئەڵمانییەکەی لەگەڵ یانەیەکی ئینگلیزیدا بکات؟ ئایا ناچار دەبێت بە داڕشتەی پێکهاتەدا بچێتەوە و بگۆڕێت؟  

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button