هۆڵەندیەكی نوێ لە مانچێستەر یونایتد نزیكدەبێتەوە
یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی چاوی لە یاریزانێكی دیكەی هۆڵەندیە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا بیگوازێتەوە یانەكەی.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی سكای سپۆرت ئەڵمانیا مانچێستەر یونایتد گفتۆگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی جیریمی فریمبۆنگ یاریزانی هۆڵەندی و یاریزانی بایرن لیڤەركوزن دەست پێكردووە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، یانە ئینگلیزیەكە ماوەیەكی زۆرە چاودێری یاریزانە 22 ساڵانەكە دەكات و لە كاتێكیشدا كە بریكاری كارەكانی یاریزانەكە دەیەوێت لە هاویندا یاریزانەكەی بباتە دەرەوەی لیڤەركوزن.
ئێریك تین هاخ راهێنەری هۆڵەندی شەیتانە سوورەكان دەیەوێت یاریزانی زیاتری هۆڵەندی لە یانەكەی كۆ بكاتەوە لە كاتێكدا كە لەم وەرزەدا هەریەك لە فیخۆرست و مالاسیای گواستەوە یانەكەی.
گرێبەستەكەی فریمبۆنگ لەگەڵ لیڤەركوزن لە هاوینی ساڵی 2025 بەسەردەچێت.
یانە ئەڵمانیەكە بۆ دەستبەرداربوون لە بەرگریكارەكەی داوای 40 ملیۆن یۆرۆ دەكات.
فریمبۆنگ لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا بەشداریلە سەرجەم یارییەكاندا كردووە و هەشت گۆڵی كردووە و شەش گۆڵیشی درووست كردووە.