ئاسیاگرنگترین

بۆچی رۆناڵدۆ چووەتە سعودیە؟

یاریگا –

کاربەدەستانی باڵای سعودیە، سەرکەوتوو بوون لە گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی خاوەنی پێنج باڵۆن دۆر. نەسر گرێبەستێکی دوو ساڵەی لەگەڵ دۆن واژۆ کردووە و ئێستا بووەتە جێگەی بایەخی میدیاکان و هەوادارانی وەرزشی.

مووچەی ساڵانەی رۆناڵدۆ لە نەسر دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ، واتە خاوەن بەرزترین مووچەیە لە جیهاندا.

لەگەڵ پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆ بە یانە سعودییەکە، هەژماری یانەی نەسر لە ئینستاگرام 5.3 ملیۆن فۆڵۆوەری زیاد کرد و ماڵپەڕی یانەکە کەوتە ژێر فشارێکی زۆر، وایلێهات ماڵپەڕەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەکاربکەوێت. چونکە هەرگیز پێشبینی سەردانی لەم شێوەیە نەکرابوو.

هاشتاگی #HalaRonaldo بووە ترێندی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

بە گوێرەی قسەکانی رۆناڵدۆ بێت، ئەو ئەوروپای جێهێشت، چونکە هیچ نازناوێک نەماوە بەدەستی بهێنێت.

بەخت یاوەرم بووە، چونکە ئەرکی خۆم لە تۆپی پێی ئەوروپی بە تەواوی بەجێگەیاند. پێم وایە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی ئەزموونی تۆپی پێی ئاسیا تاقی بکەمەوە.

رۆناڵدۆ جیا لە بردنەوەی تەواوی نازناوەکانی ئەوروپا لەگەڵ یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید و یوڤێنتوس. توانی لە ساڵی 2016 ببێتە پاڵەوانی یۆرۆ، لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال

رۆناڵدۆ لە دوای چوونی بۆ نەسر دووپاتیکردەوە، ئۆفەری چەندین یانەی رەتکردەوە و نەسری هەڵبژارد، ئەمەش دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێریک تێن هاخ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد و خێزانی گلەیزەر، خاوەنی یانەکە.

لە هاوینی رابردوودا، زۆر باس لە چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد کرا، چونکە رۆناڵدۆ دەیەویست لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات، بەڵام تەنیا چەند ئۆفەرێکی سنوورداری پێگەیشت، چونکە یانەکانی چێڵسی و بایرن میونشن رەتیانکردەوە، گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکەن.

شارەزایانی تۆپی پێ دەڵێن، رۆناڵدۆ هەنگاوێکی دروست ناوە و پەیوەندی بە نەسرەوە کرد، چونکە یاریکردن بۆ هەر یانەیەکی ئەوروپی خوار ئاستی یانە گەورەکان، بە هەنگاوێک بۆ دواوە بۆ رۆناڵدۆ هەژمار دەکرا، چونکە رۆناڵدۆ دەستکەوتی گەورەی لەگەڵ یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوس هەیە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ خێزانەکەی، ساتی پێشکەش کردنی بە هاندەران.

ئەگەر بەراوردی خولی سعودیە بە خولی چامپیۆنشیپ (خولی پلە یەک)ی ئینگلتەرا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، ئاستی چامپیۆنشیپ زۆر بەرزترە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی رۆناڵدۆ پەیوەندی بە نەسرەوە کرد؟

ئەگەر وەڵامێکی کورت بۆ ئەم پرسیارە دابنێین، وشەی ویستی گەورەی رۆناڵدۆ، چونکە تاوەکو ئێستاش دەتوانێت سەرکردایەتی تیمەکان بکات و سەرنجی هەموو جیهانی بۆ سعودیە راکێشاوە.

لە سعودیە بۆ هەر کوێیەک بچیت، کاریگەری رۆناڵدۆ دەبینت، دەیان کەناڵی جیهانی ئێستا بەهۆی رۆناڵدۆوە، رووماڵی یارییەکانی خولی سعودی دەکەن.

هۆکارێکی دیکەی پشت بڕیاری پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆ بە یانەی نەسر، بەسەربردنی کاتێکی زیاترە لەگەڵ خێزانەکەی، چونکە هەرچۆنێک بێت، رۆناڵدۆ نەیتوانی ئەرکی باوکایەتی بە تەواوی بەجێ بگەیەنێت. چونکە لە خولەکانی ئەوروپا، یاریزانان پەیوەستن بە کۆمەڵێک خول و پاڵەوانیەتی، کاتێکی زۆر کەمیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و نزیکبوونەوەی زیاتر لە خێزان دەمێنێتەوە.

یاریزانێکی وەک رۆناڵدۆ، بەردەوام تینووی بردنەوەی نازناوە و مانەوەی لە ئەوروپا، لە ژێر ئەو فشارەی ناهێنێتە دەرەوە، بۆیە هۆکارێکی پشت بڕیاری چوونی بۆ سعودیە، پتەوکردنی پەیوەندی خێزانییە.

دەکرێ بگوترێت، رۆناڵدۆ بە راستییەکانی ژیان رازیبووە و هەنگاوێکی ناوە، بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ژیان و بەتەمەن چووندا بگونجێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button