ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

لە دوای 5 ساڵ ئایا ناگلیسمان بە راهێنەرایەتیكردنی ریال مەدرید رازی دەبێت؟

Yariga App

یاریگا

جولیان ناگلیسمان، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دووبارە لە ژێر چاودێریكردنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیدایە بۆ ئەوەی جێگای كارلۆ ئانچێلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری یانەكەیان بگرێتەوە.

لە ساڵی 2018 ناگلیسمان ئۆفەرێكی ریال مەدریدی رەتكردەوە بۆ شوێنگرتنەوەی زێنەدین زێدانی فەڕەنسی و راهێنەری ئەو كاتەی یانە شاهانەكە.

دوێنێ هەینی بەشێوەیەكی فەرمی ئیدارەی بایرن میونشن ناگلیسمانی لە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی یانەكەی دوورخستەوە و تۆماس تۆخێلی لە جێگای دیاریكرد.

رۆژنامەی سپۆرت لە راپۆرتێكیدا رایگەیاندووە جارێكی دیكە ریال مەدڕید هەوڵی بەدەستهێنانی جولیان ناگلیسمان دەدات بۆ راهێنەرایەتیكردنی یانەكەی.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە پێنج ساڵ پێش ئێستا كاتێك ناگلیسمان راهێنەری هۆفنهایم بوو پەیوەندییەكی لەلاین خۆسێ ئەنخێل سانچێزەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری ریال مەدرید، ئەویش رەتیكردووەتەوە چونكە چاوەڕوانی بایرن میونشن بووە.

لەو كاتەدا یانە شاهانەكە بەدوای شوێنگرەوەی زێداندا دەگەڕا و راهێنەرە ئەڵمانیەكەش لە پێشەنگی لیستەكەیدا بوو بەڵام كاتێك رەتیكردەوە لۆپێتێگی ـان وەك راهێنەری نوێ هەڵبژارد.

بۆچی ناگلیسمان راهێنەرایەتیكردنی ریال مەدریدی رەتكردەوە؟

لە لێدوانێكی كۆنیدا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020 كاتێك راهێنەری لایپزیگ بوو ناگلیسمان گووتی: شتێكی سروشتییە هیوای راهێنەرایەتیكردنی ریال مەدریدت هەبێت بە تایبەت كاتێك پەیوەندیشت پێوە بكەن، سەرەتا سەرسام بووم، بەڵام بیرم كردەوە و گووتم كە هەست بە ئاسوودەیی ناكەم كە بچمە ئەوێ دەمەوێت باشتر بم ئەگەریش بچیتە ریال مەدڕید ئەوا كاتت نابێت بۆ ئەوەی وەك راهێنەرێك بەرەو پێشەوە بچیت.

هەروەها گووتیشی: تۆ چانسی ئەوەت نیە ببیتە راهێنەرێكی باش، تەنیا دەبێت باشترین بیت، منیش ئێستا باشترین نیم، بەڵام دەمەوێت لە داهاتوودا لە ریزی باشترینەکان بم، ئەگەر بچیتە ریال مەدرید هاندەران و میدیاکان و بڕیاردەرەکان کاتێکی پێویستت پێنادەن بۆ ئەوەی گەشە بکەیت، ئەوان تەنیا دەیانەوێت سەرکەوتن لە هەموو یارییەک و جامەکان و چامپیۆنزلیگدا بەدەست بهێنیت.

راهێنەرە 35 ساڵانەكە ئەوكات گووتیشی: جگە لە زانینی زمانیش، زمان زۆر گرنگە بە لای منەوە، من پێم خۆشە پەیوەندیم لەگەڵ یاریزانەكان هەبێت، تەنانەت ناتوانم بە ئیسپانی قسە بكەم.

ناگلیسمان دەبێتە بژاردەیەكی راستەقینە بۆ یانە شاهانەكە بە تایبەت لە ئێستادا كە گومان لەسەر داهاتووی ئانچێلۆتی راهێنەر هەیە و دەنگۆیەكان بڵاوبوونەتەوە كە گوایە راهێنەرە ئیتاڵیەكە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەی بەڕازیل وەردەگرێت.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button