بە ڤیدیۆ: درێسەکەی گوتی گەیشتە کڤارا و ئەستێرەکەی ناپۆلی پەیامی بۆ ریال مەدرید هەیە
یاریگا –
خۆسێ ماریا گوتی، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، خەونی خڤیچا کڤاراتسخێلیای بەدیهێنا و درێسێکی خۆی بۆ نارد.
گوتی سەرسامی خۆی بە ئەستێرەی هەڵبژاردەی جۆرجیا و ناپۆلی نەشاردووەتەوە و داوای لێدەکات، پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدردیەوە بکات.
پێشتر کڤارا خەونی منداڵی خۆی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باس کرد، ئەویش بەدەستهێنانی درێسێکی خۆسێ ماریا گوتی بوو، لە دوای بینینی چاوپێکەوتنەکە، گوتی بڕیاریدا درێسە تایبەتەکەی بۆ کڤارا بنێرێت. لە ڤیدیۆی خوارەوە ساتی پێشکەشکردنی دیارییەکە ببینە.
گوتی لەڕێگەی بەرنامەی بەناوبانگی ئێل چیرینگویتۆ درێسەکەی بۆ کڤارا نارد و پەیامێکی لەگەڵ درێسەکە ناردبوو. پەیامەکەی گوتی بۆ کڤارا بەمشێوەیە بوو
هیوادارم درێسەکەت بەدڵ بووبێت و هیواخوازم خەونەکانت بەدیبێن. لە مەدرید چاوەڕێت دەکەم.
پەیامنێری بەرنامەکە لە شوێنی مەشقەکانی ناپۆلی، چاوی بە کڤارا کەوت و درێسەکەی پێدا، لەدوای وەرگرتنی دیارییەکە، کڤارا روونیکردەوە
سوپاس بۆ درێس و پەیامەکەت، تۆ ئەفسانەی تۆپی پێیت. سوپاست دەکەم. منیش دیارییەکم هەیە، پێشکەشی تۆی دەکەم.
کڤاراتسخێلیا یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی ئەم وەرزەی خولەکانی ئەوروپا و هاندەرانی ناپۆلی، نازناوی ”کڤارادۆنا”یان لێناوە، چونکە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە نزیکبوونەوەی ناپۆلی لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵی، لەدوای 32 ساڵ.
کڤارا لە ساڵی 2017 لەگەڵ یانەی دینامۆ تیبلیسی خۆی لە گۆڕەپانی ئەوروپی نمایشکرد و دواتریش چووە یانەی باتوومی. لە 15ی شوباتی 2019 یاریزانە جۆرجییەکە بە خواستن پەیوەندی بە لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ کرد و لە 6ی حوزەیرانی 2019 کڤارا گرێبەستێکی بۆ ماوەی 5 ساڵ لەگەڵ رۆبن کازان واژۆ کرد. دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، نرخەکەی پێنج ئەوەندە بەرزبووەوە و دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، کڤارا پەیوەندی بە یانەی باتوومی جۆرجییەوە کرد. لە هاوینی رابردووش چووە ریزەکانی ناپۆلی.
لەم وەرزەدا کڤارا بەشداری لە 28 گۆڵدا کردووە، بە جۆرێک 13 گۆڵی کردووە و 15 گۆڵی دیکەشی دروستکردووە.
گرنگییەکانی ریال مەدرید
رۆژنامەی لاریپوبلیکا بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید زۆر بە تواناکانی کڤاراتسخێلیا سەرسامە، بەڵام دەزانێت رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. لە رۆژنامەکەدا هاتووە، دی لاورێنتیس، سەرۆکی ناپۆلی ئامادە نییە بە کەمتر لە 110 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کڤارای تەمەن 22 ساڵان ببێت، ئەم ژمارەیەش بۆ ریال مەدرید کەمێک ئەستەمە.