عێراقکوردستان

لیژنەی پارێزگا وردبینی لە داهاتی هەولێر دەکات

ئەرکی لیژنەکەی پارێزگای هەولێر بۆ وردەکاری و لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێستای یانەی هەولێر کۆتاییهات.
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە یاریگانێت ـی راگەیاند، هەفتەیەکە لیژنەیەک لە پارێزگای هەولێرەوە وردبینی و لێکۆڵینەوەیان لە خەرجی و داهاتی یانەی هەولێردا دەکرد و ئەمڕۆ کارەکانیان کۆتاییهات.
سەرۆکی یانەی هەولێر بە گەشبینییەوە ئاماژە سەرەتاییەکانی دەرەنجامی لیژنەکەی بە ئەرێنی لێکدەداتەوە و دەڵێت، لە هەموو روویێکەوە هاوکاری لیژنەی پارێزگای هەولێرمان کرد، چەند جارێک لەگەڵ بەشی ژمێریاری یانەکە کۆبوونەوە.
وەلید عارەب زیاتر لەبارەی کارەکانی لیژنەکە بە یاریگانێت ـی راگەیاند، لیژنەکە دڵخۆشبوون بە شێوازی کاری کارگێڕی یانەی هەولێر، بەڵام چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە دەکەین و بەدڵنیاییەوە دواتر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەلید عارەب، سەرۆکی یانەکەی قەڵا و منارە باسی لە دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی یانەکە کرد، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ راهێنەرێک رێکنەکەوتووین، عەبدولقادر حوسێن بۆ یاری داهاتوومان بەرامبەر نەورۆز ئەرکی راهێنەرایەتی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە لە یاری رابردوو بەرامبەر یانەی زاخۆ، ئاستی تیمەکە بە گشتی گۆڕنکاری بەسەردا هاتبوو. تەنانەت ئەگەر راهێنەرێکی نوێش بۆ یانەکە دەستنیشان بکەین، عەبدولقادر حوسێن دەبێتە یاریدەدەر.
سەرۆکی یانەی هەولێر دووپاتیکردەوە، پەلە لە هێنانی راهێنەری نوێ ناکەین، چونکە ئەمجارە دەبێ راهێنەرەکە لە ئاستی ناوی هەولێر بێت و یانەکەمان بەرەو پێش ببات.
پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی سێ کەسی لە سەر یانەی هەولێر پێکهێنا کە پێکهاتبوو لە نوێنەرێک لە  بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و دوو نوێنەر لە پارێزگای هەولێر لە ( یاسایی و ژمێریاری)  لیژنەکە 2/2 پێکهێنرا و 5/2/2023 یەکشەممەی ڕابردوو دەستبەکار بوو و ئەمڕۆش کارەکانیان لە یانەکە کۆتایی هات.

یانەی هەولێر بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و لە کۆی 16 یاری لە خولی نایابی عێراقی تەنیا 14 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی شازدەمی ریزبەندیدا دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button