رەخنە لە ئارتێتا دەگیرێت لەسەر یاریکردن بە هەرزەکارێک

مایکڵ ئارتێتا رووبەرووی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی بەشداریکردن بە ئیسان نوانێری و شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لاوترین یاریزانی مێژووی خولەکە.
هەفتەی رابردوو، ئارتێتا بڕیاریدا لە خولەکی ٩٠دا ئیسان بهێنێتە ناوەوە کاتیک سەرکەوتنیان مسۆگەرکردبوو، ئەمەش لە کاتێکدا ناوبراو تەمەنی تەنها ١٥ ساڵە.
سەبارەت بە هۆکارەکەی، راهێنەرەکەی ئارسناڵ وتبووی “دوو جار لەگەڵ ئێمە مەشقی کردووە و هەستێکم هەبوو ئەگەر دۆخەکە گونجاو بێت ئەوا یاری پێدەکەم”.
جەیسن کوندی یاریزانی پێشووی پریمەرلیگ و شیکەرەوە لە تاڵک سپۆرت ئەو راهێنەری بە نا بەرپرس ناوبرد و وتی “ئارتێتا هیچ ئەو کوڕەی لا گرنگ نیە، پێم وایە بڕیارێکی زۆر لاواز بوو، تەنها لەبەر ئەوە کردی تاوەکو بڵێن ئارتێتا ئەو راهێنەرە بوو لاوترین یاریزانی پێشووی خولەکەی بەشداری پێکرد و ئەمەش خۆ پەرستانەیە. کاتێک بینیم لەسەر کورسی یەدەگ وتم ئەزموونێکی خۆش دەبێت بۆ ئەو منداڵە بەڵام یاری پێکردنی بێ مانا بوو چونکە ئەوە فشارێکی زۆری خستە سەر ئەو یاریزانە و لە ئێستاوە بە لاوە بەهرەمەندەکانی دیکە بەراورد دەکرێت ئەمە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کاروانی یاریکردن دەبێت . ئەگەر بابەتەکە باشی ئەو لاوە بێت بۆچی ١٥ خولەک بەر لە کۆتایی بەشداری پێنەکرد بەڵام لە کۆتا چرکە هاتە نێو یاریگا چونکە ویستی ئەو ژمارە پێوانەییە بشکینێت و پەیوەندی نەبوو بە گرنگیدان بەو یاریزانە”.