عێراقکوردستان

دوایین زانیاری لە سەر گواستنەوەی یاریزانانی کورد بۆ یانەکان

پێش دەسپێکی خولی نایابی کوردستان و خولەکانی عێڕاق بە چەند مانگێک، بەشێک لە یانەکان لە کاتی ئێستادا کە دەستیان کردووە بە نوێ کردنەوەی گرێبەستی بەشێک لە یاریزانە کانیان و هێنانی چەند یاریزانێکی نوێ بۆ ڕیزی تیپەکانیان.

یانەی دەربەندیخان دوای دەستنیشانکردنی هەرێم بورهان وەك ڕاهێنەری تیپەکەی، گرێبەستی هەریەك لە یاریزانان ( کۆرەنگ مەحەمەد ، بورهان قادر ، ئارام قادر ، هەردی مەحەمەد ، گەشتیارکەریم ، زانیارحەسەن ، مەحەمەدعزەت)ـی بۆ وەرزێکی تر نوێ کردەوە و شەش یاریزانی لاوانیشی سەرخستووە بۆ تیپی یەکەم.

دوێنێ یانەی سەیدسادق لە یەکەم ئامادەکاریاندا بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، گرێبەستی ڕاهێنەر ( ڕەمزی ساڵح)ـی ساڵی سێیەم نوێ کردەوە، هەروەها گرێبەستی هەریەك لە یاریزانان ( عەبدوڵاغەزبان ، ئەحمەدحوسێن ، ئیبراهیم چچان ، مستەفامەحمود)ـی تازە کردەوە.

جگە لە ئەگەری کشانەوەی یانەی نەورۆز لە خولی نایابی کوردستان بە هۆی بارودۆخی دارایی یەوە، دوێنێ سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ ( ڕێبوارخدر ) ڕایگەیاند( ئەگەر تاماوەیەکی کەم هاوکاری نەکرێین ئێمەش ناچاردەبین بڕیاری کشانەوە لە خولەکە بدەین، نامانەوێ یانەکە بە بەر چاومانەوە بڕوخێ، بۆیە بڕیاری جێهێشتنی یانەکە دەدەم، ڕابردوو شاهێدە چیمان کردووە بۆ یانەکە کە هەمووی لە پێناو ناوی چەمچەماڵ بوو )

یانەی دهۆک بە مەبەستی بەشداریکردن لە یاری پاشکۆی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق و گەیشتن بە ڕیزی نایاب، دوای یاریزانان دیارعەلی و هەنگاو مەحەمەد گرێبەستی لەگەڵ یاریزانان ( مەحمودشاکر لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر و هەرێم تەحسین و ژیارگۆڤەند لە یانەی برایەتی ) واژۆکرد.

بۆ بەشداریکردن لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق، دوای هێنان و نوێ کردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێکی، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوێنێ گرێبەستی یاریزان ( ڕێبەزڕەحیم)ـی تازە کردەوە کە بەشێوەی خواستن لە یانەی هەولێرەوە بۆ پێشمەرگەی سلێمانی یاری دەکات، هەروەها یانەکە توانی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی هێرشبەر ( ساڵح موتلەگ) بکات کە پێشتر لە یانەکانی زاخۆ و سامەڕا یاری کردووە، هەروەها یانەکە توانی گرێبەست لەگەڵ ( عەلی مەحەمەد لە یانەی بەحری و شێروان کوردستان لە یانەی نەورۆز و هەڤاڵ مەحەمەد لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ) واژۆبکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button