بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە گەڕی 29ـی خولی نایابی عێڕاق کاتژمێر 10ـی شەو لە دێڕبی کوردستاندا هەر دوو یانەی هەولێر و زاخۆ لە نێو یاریگای فرانسۆهەریری ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، یانەی زاخۆ دوای شکستی گەڕی ڕابردووی لە نێو یاریگای خۆیدا بەرامبەر یانەی کارەبا، ڕاهێنەری یانەکەیان ( عەبدولوەهاب ئەبو هێل)یان دوورخستەوە و دوێنێ بەفەرمی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی سوریا ( فراس خەتیب) یان بە ڕاهێنەری یانەکە دەست نیشان کردوو هەر دوێنێش فراس سەرپەرشتی یەکەم یەکەی مەشقی یانەکەی کرد.
لە مێژووی خولی نایابی عێڕاقدا، هەر دوو یانەی هەولێر و زاخۆ 28 یاری فەرمیان ئەنجامداوە، هەولێر لە 15 یاریدا براوە بووە و 9 یاریش یەکسان بوونە و 4یاریش یانەی زاخۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەولێر 35 گۆڵی تۆمارکردووە و یانەی زاخۆش 17 گۆڵی تۆمارکردووە،
گەورەترین سەرکەوتنی یانەی هەولێر بەرامبەر زاخۆ بە ئەنجامی 4 _ 0 بووە، گەورەترین سەرکەوتنی زاخۆ بە سەر یانەی هەولێر بە ئەنجامی 2 _ 0 بووە.
تا ئێستا یانەی زاخۆ بە 37 خاڵ لە پلەی هەشتەم و یانەی هەولێر بە 36 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی خولی نایابی عێڕاقی دێن.