پاڵەوانی پارساڵ ڕێڕەوی چەپڵە ڕێزان بۆ پاڵەوانی ئەمساڵ درووست دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە 14/4/2022 گەڕی 29ـی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەفتەی ڕابردوو ناسناوەکە یەکلایی بویەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو تیپەی دادەبەزێت بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەدەر نەکەوتووە، لە شاری سلێمانی و تایبەت لە یاریگای ئاشتی، یانەی سیروانی نوێی پاڵەوانی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان میوانداری پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەکە کە یانەی برایەتیە دەکات، بڕیارە یانەی برایەتی ئەمڕۆ پێش یاریەکە ڕێرەوی چەپڵە ڕێزان بۆ یاریزانانی سیروانی نوێ ڕێکبخەن، هەر دوو یانەی چەمچەماڵ و زاخۆ لە چەمچەماڵ بەیەک دەگەن، یارییەکە گرنگی بۆ چەمچەماڵیەکان نیە و چونکە مانەوەیان لە خولەکە مسۆگەرە، بەڵام بۆ زاخۆییەکان زۆر گرینگە کە ئێستا لە پلەی پێش کۆتایی خولەکەن و مەترسی دابەزینیان لە سەرە.
لە شاری هەولێریش یانەی هەندرێن لە نێو یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی هەولێر دەبێتەوە، یاریەکە بۆ هەردوو یانە گرینگە، هەندرێن دوای لە دەستدانی پاڵەوان بوون دەیەوێ پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، هەرچی یانەی هەولێرە تەنها سەرکەوتن ئامانجیانە چونکە یانەکەیان لە کۆتا پلەی ڕیزبەندیە و بۆیە دەبێ سەرکەوتن بە دەست بێنێت و چاوەڕوانی ئەنجامی یاریەکانی تریش بکات.
یانەی سۆران کە ئەمڕۆ دوا یاری خۆی لە خولەکە ئەنجامدەدات و لە کۆتا گەڕ چاوەڕوانە لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی شەقڵاوە دەکات، سەرکەوتنی یانەی شەقڵاوە واتای مانەوەیەتی لە خولەکە بە مسۆگەری و سۆرانیش دەبێ سەرکەوتن تۆمار بکات بۆ ئەوەی لە کێشمە کێشمی دابەزین بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دووربێت، یاریەکانی تریش بەمشێوەیە:
پێشمەرگەی هەولێر × شێروانە
دەربەندیخان × سەیدسادق
ئارارات × دهۆك
یانەی نەورۆزیش چاوەڕوانە