
بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سەر یاریگای ( مەلیك فەهد) لە ڕیازی پایتەختی سعودیە هە ردوو هەڵبژاردەی عێڕاق و ئیماڕات لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ـی وڵاتی قەتەڕ ڕووبەڕووی یەکتر بنەوە.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێڕاق ( عەبدولغەنی شەهد ) لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بەیاریەکە ڕایگەیاند ( یاریزانانی ئێمە پاڵە پەستۆیەکی زۆریان لەسەرە بە هۆی ئەنجامەکانی پێشووتر، ئێمە کارمان کردووە تاوەکو بە دەروونێکی ئارامتر یاریزانەکان ئامادەبکەین و ئەنجامێکی شایستە بەدەست بهێنن، مەبەستمانە گەلی عێڕاق بە سەرکەوتن دڵخۆش بکەین، تایبەت دوای ئەوەی یاریەکە لە خاکی خۆمان گواسترایەوە دەرەوەی عێڕاق کە ئەمەش بە زوڵمێکی گەورەی تێدەگەین و دەبێ نیشانی بدەین ئێمە عێڕاقین و کێبڕکێ دەکەین لە سەر وەرگرتنی پلیتی پاشکۆ تا دوایاری)
هەروەها یاریزانی کورد شێرکۆکەریم کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو ڕایگەیاند ( من و سەرجەم یاریزانەکان ئامادەین بۆ یاریەکەی ئیماڕات، ئێمە پێداگیرین لە سەر سەرکەوتن و چاومان بڕیوەتە سێ خاڵی یاریەکە کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کێبڕکێی وەرگرتنی پلیتی سێیەمی کۆمەڵەکەی خۆمان بکەین)
هەڵبژاردەی عێڕاق بە 30 یاریزانەوە گەیشتە سعودیە و سەرجەم یاریزانەکان پشکنینی کۆڕۆنایان نەرێنی بووە و هیچ پێکانێکیان نیە بۆ ئەم یاریە.