یاریگا–
نیکۆلۆ بارێلا، یاریزانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا بەهۆی ئەو سزایەی لەلایەن یوێفاوە بەسەریدا سەپێندراوە، ناتوانێت بەشداری دوو یاری داهاتووی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ بکات.
ماڵپەری فەرمی یوێفا بڵاویکردەوە، ناوەڕاستکارەکەی نێرازۆری بەهۆی وەرگرتنی کارتە سوورە راستەوخۆکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە دوایین یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، بۆ سێ یاری سڕ دەکرێت، چونکە ئەو یاریزانە پێشێلی ماددەی 15ـی لە یاساکانی ئەواندا کردووە.
بارێلا بەم هۆیەوە بەشداری هەردوو یاری چوون و گەڕانەوەی یانەکەی لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ ناکات و، ئەگەر یانەکەشی ئەم قۆناخە تێپەڕێنێت، ئەو کات بەشداری یاری چوونی قۆناخی چارەکی کۆتاییش ناکات.