یاریگا-ئەمڕۆ دادگا بڕیاریدا گروپی سونینگ هۆڵدینگ خاوەنی یانەی ئینتەرمیلان دەبێت بڕی ١٥٧ ملیۆن پاوەند بدەنە خولی ئینگلیزی.
کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٩، ئەوکاتەی کۆمپانیای پی پی تی ڤی سەر بە گروپە چینییەکە مافی پەخشکردنی ٣٨٠ یاری پریمەرلیگیان کڕییەوە بۆ چین بۆ یارییەکانی ٢٠١٩-٢٠٢١ بەڵام نەیانتوانی لە وادەی دیاریکراو یەکەم بەشی پارەکە بدەن کە ٢٥٧ ملیۆن پاوەند بوو. پاشانیش بەهەمان شێوە نەیانتوانی بەشی دووهەمی پارەکە بدەن کە ١٦٠ ملیۆن پاوەند بوو. دوای شەش مانگ گرێبەستەکە هەڵوەشایەوە و کەیسەکە بردرایە دادگا.
سونینگ یەکێک بوون لەو گروپانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوت بەهۆی هاتنی کۆڤید ١٩. لە مانگی سێی پار ساڵدا یانەی جیانگسو یان هەڵوەشاندەوە کە لە خولی سوپەری چینی یاری دەکرد، پاشانیش هاوینی رابردوو هەریەک لە رۆمیلو لوکاکو، ئەشرەف حەکیمیان فرۆشت بۆ چارەسەری کێشە داراییەکانیان.
دیار نیە بۆ ئەمجارە کێ دەبێتە قوربانی هەڵەکانی ئەو گروپە. یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانیان کڕینەوەی یارییەکانی پریمەرلیگ بوو بۆ چین بە ١٢هێندەی رێککەوتنی پێشووتری خولەکە لەگەڵ کۆمپانیای سوپەر سپۆرت میدیا.