چی لە بێرنابیۆ گۆڕا پاش نۆژەنکردنەوەی ؟
یاریگا-ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید یەکەم یاری لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام دەدات پاش ساڵ و نیوێک کاری نۆژەنکردنەوە لە یاریگاکەدا.
کۆی پڕۆژەکە زیاد لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت بەڵام زۆربەی لەلایەن شارەوانی مەدرید و سپۆنسەرەکان دەدرێت و مەدرید خۆی تەنها ١٠٠ ملیۆنی خەرجکردووە بەڵام پێشبینی دەکرێت داهاتی ساڵانەی یانەکە بۆ یەک ملیار یۆرۆ بەرزبکاتەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەکانی نێو یاریگا، باس لەوەدەکرا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر یاریگاکە نەهاتووە بەڵام دوای تەواوبوونی سەرجەم کارەکانی، ئەمە گرنگترین گۆڕانکارییەکانە
١- چیمەنی جوڵاو
ریاڵ مەدرید دەیەوێت یاریگاکە بەکرێ بدات بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان و ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ بۆنەی تێدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە رێگەی چیمەنی جوڵاو و دوای یارییەکان دەتوانرێت زەوی یاریگاکە بگۆڕدرێت بۆ زەوییەکی گونجاو بەگوێرەی بۆنەکان.
٢-داخستنی بنمیچ (سەقف)ی یاریگا
بێرنابیۆی نوێ تەنها لە ١٥ خولەکدا دەتوانێت بە تەواوی بنمیچی یاریگاکە دابخەن ئەمەش دووبارە لە بۆنەکان و هەروەها لە کاتی باران دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت.
٣- ژمارەی کورسی
هەرچەندە ئەمەیان گۆڕانکارییەکی گەورە نیە بەڵام ٤٠٠٠ کورسی زیادکرا و دەتوانرێت ٤٠٠٠ بلیتی نوێ بفرۆشرێت.
٤- رووی دەرەوە
رووی دەرەوەی یاریگاکە شاشەیەکی گەورەیە و دەتوانرێت تەواوی وێنە و ڤیدیۆ و ریکلامەکان لەوێوە نێشان بدرێت.
٥- مۆڵ و هۆتێل و هۆڵ
لە بێرنابیۆی نوێ، هۆتێل و مۆڵی گەورەی بازاڕکردن درووستکراوە. هەروەها هۆڵێک بۆ میوانداری بۆنە وەرزشییەکان.
٦- تەکنەلۆژیا و رووناکی
لە بێرنایۆ گرنگییەکی زۆر بە رووناکی و بەکارهێنانی شاشە و تەکنەلۆژیا دراوە. دەتوانرێت لە سەرەوەی یاریگاکە بە ماوەیەکی کەم رووناکییەکی زۆر بگاتە نێو هاندەران و چیمەنی یاریگا، هەروەها شاشەی نیشاندانی رووداوە گرنگەکان (گۆڵ، کارت، گۆڕانکاری و پێکهاتە) لە سەرجەم هاندەرانەوە دیارە.