ئیسپانیا

لاپۆرتا: سیاسەتەکانی بارتۆمیۆ، میراتەکەی کرۆیف و گواردیۆلای کاول کرد

یاریگا- خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووتری یانەی بارسێلۆنا هێرشی توند دەکاتە سەر ماریا بارتۆمیۆ و لۆمەی دەکات بەوەی فەلسەفەی یانەکەی تێک داوە.

لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا، لاپۆرتا دەڵێت: “کارگێڕیی باتۆمیۆ بۆندەکەی ڤاڵڤێردیان نوێ کردەوە تەنها لەبەر ئەوەی گونجاوترینە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژە وەرزشییەکانیان. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینم، دوورە و ئەوپەڕی دوور لە فەلسەفەی یانەکە.”

لاپۆرتا کە لە 2003-2010 سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە بوو، زیاتر هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئێستا و دەڵێت: “ئەگەر سەیری شێوازی یاریکردنی یانەکەمان کردبێت، تەنانەت گرێبەستەکانیشی، ئیتر دەزانیت کە سیاسەتەکانی بارتۆمیۆ هەموو ئەوانەی وێران کردووە کە یۆهان کرۆیف و پیپ گواردیۆلا بەدەستیان هێنابوو.”

سەبارەت بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یانەکەش گوتی: “پێموابێ ئەگەر ئەم وەرزە بارسا سێ نازناوەکەی بەدەست بهێنایە، ئەوە ئیدارەی بارتۆمیۆ قایل دەبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام تا دوو ساڵیتر هیچ ڕوو نادات و دەبێت بە هیواوە چاوەڕێ بکەین کە بارودۆخەکە باشتر ببێت، هەرچەنەدە هیچ ئاماژەیەکیش بۆ ئەوە بوونی نییە.”

بۆ زانین، سەروەختی ئیدارەی لاپۆرتا، بلاوگرانا دوو جار چامپیۆنزلیگ و چوار جاریش لالیگای بردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button