پەیامی تۆنی كرۆس دوای وازهێنانی لە یاریكردنی نێودەوڵەتی
یاریگا-
تۆنی كرۆسی ئەڵمانی و ناوەڕاستكاری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی وازهێنانی خۆی لە یاریكردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.
كەمێك پێش ئێستا ناوەڕاستكارەكەی مانشافت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێكی بلاوكردەوە و نووسیوویەتی:
” 106 یاریم بۆ ئەڵمانیا ئەنجام داوە ، ئەوە چیتر زیاتر نابێ ، هیوام دەخواست و بە ئاواتەوە بووم زیاد بكات و ببێتە 109 یاری و یۆرۆ ببەینەوە ، بڕیاری وازهێنانم لە یاریكردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و گەشتمە ئەو بڕیارەی بەشداری جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ نەكەم ، گەشتمە ئەو بڕیارە لەبەر ئەوەی دەمەوێت لە چەند ساڵی داهاتوودا تەواوی ئامانجەكانم لەگەل ڕیاڵ مەدرید بێت ، شانازیەكی گەورە بوو بۆ من بتوانم بۆ ماوەیەكی درێژ ئەو درێسە بپۆشم بەو پەڕی هەست و سۆزەوە ، سوپاس بۆ هەموو ئەو هاندەرانەی پشتگیریان كردم ”.
شایەنی باسە تۆنی كرۆس بەشداری 106 یاری كردووە لەگەل ئەڵمانیا و بەشداری 36 گۆڵی كردووە ، 17 گۆڵی تۆمار كردووە و 19 گۆڵیشی درووست كردووە.