سیمۆنی: بەدوای بیانوودا ناگەڕێم
یاریگا-
دیگۆ سیمۆنی ئەرجەنتینی و ڕاهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی دووپاتیكردەوە كە بەدوای بیانوودا ناگەڕێت بەهۆی زنجیرەی ئەنجامە خراپەكانیەوە.
لیڤانتی لە نێو خاكی مەدرید و لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە ئەتلەتیكۆی پێشەنگ بباتەوە ، لە میانەی یاریەكانی هەفتەی 24ی خولی ئیسپانی.
دوای ئەوەی پرسیاری یاریزانە پێكراوەكانی لێكرا سیمۆنی ڕاهێنەر ووتی: بەدوای بیانوودا ناگەڕێم ، ئێمە ڕاهێنەری یەكەمین ، پێوویستە لەسەرمان ڕێگاكانی دۆزینەوەی چارەسەر بە یاریزانەكان ببەخشین ، دۆخەكە هەرچۆنێك بێت دەبێت بەردەوام بین لە یاریكردن.
هەروەها ڕاهێنەرە ئەرجەنتینیەكە ووتیشی: من گومانم لەوە نیە هەموو پێشبڕكێیەكان یەكسانن ، كات و كۆسپی سەخت هەیە ، بەڵام ئەمە بۆ هەموو یانەیەكە نەك تەنها ئەتلەتیكۆ مەدرید ، ئەوانەی لە ساتە سەختەكاندا بەهێزن ئەوانەن كە چانسی زیاتریان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان.
شایەنی باسە ئەتلەتیكۆ مەدرید بە كۆكردنەوەی 55 خاڵ و ئەنجامدانی یاریەك كەمتر پێشەنگی خولەكەی گرتووە و بەجیاوازی سێ خاڵ لە ڕیاڵ مەدریدی دووەمەوە دوورە.