
یاریگا –
برونۆ فێرناندێش دەڵێت بڕیاریدا هاوینی رابردوو لە مانچستەر یونایتد بمێنێتەوە چونکە هێشتا نەگەیشتووە بە هەموو ئەو ئامانجانەی کە دەیەوێت لەگەڵ یانەکەدا بەدەستیان بهێنێت.
ناوەڕاستکارە پۆرتوگالییەکە پێشنیارێکی بۆ گواستنەوە بۆ خولی سعوودی رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی هەلی رۆیشتنی هەبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەگەڵ یونایتد هەستێکی تایبەتتری دەبێت بەراورد بە هەر یانەیەکی دیکەی جیهان.
فێرناندێش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گاری نێڤڵ، ئەفسانەی پێشووی یانەکە، روونی کردەوە کە دەیەوێت لە هەوڵەکانی بۆ بردنەوەی نازناوە گرنگەکان لەگەڵ مانچستەر یونایتد بەردەوام بێت.
Bruno Fernandes explains why Man United means everything to him and why he chose to stay 🤝 pic.twitter.com/NEBOkkpqlE
— Sky Sports Premier League (@SkySportsPL) May 2, 2026
فێرناندێز گوتی:
بابەتەکە پەیوەندی بە وەفادارییەوە نییە، من دەمتوانی دوو ساڵ یان سێ ساڵ پێش ئێستا بڕۆم، یان تەنانەت وەرزی رابردووش، بەڵام من بەڕاستی حەز دەکەم لێرە بم. باوەڕم وایە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەم یانەیە مانایەک دەگەیەنێت کە ناتوانم لە هیچ شوێنێکی دیکە هەستی پێبکەم. ئەو خۆشییەی لێرە بە گەیشتن بە ئامانجەکانم وەریدەگرم وەکوو هیچ یانەیەکی دیکەی ئەم جیهانە نابێت. دەزانم هاندەران چەندێک ویستیان بۆ ئەمە هەیە و چەندێک بە جۆشن، دەزانم ئەوان چاوەڕێی جارێکی دیکە هەستانەوەی یانەکە دەکەن. من لەگەڵیانم، دەمەوێت بەرەوپێش بچین و بەردەوام لە باشتربووندا بین. راستە جامی کاراباو و جامی ئێف ئەیم بردووەتەوە، بەڵام ئەوە بەس نییە. ئەمە لەو ئاستەدا نییە کە یانەکە، هاندەران و یان ئێمە وەکوو تیمێک بەڕاستی دەمانەوێت. تاوەکوو گرێبەستەکەم کۆتایی دێت، لە هەوڵدان بەردەوام دەبم.

خەونی بردنەوەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ هێشتا ماوە
مانچێستەر یونایتد وەرزی رابردوو لە پلەی 15ـەمینی پرێمەرلیگدا کۆتایی بە یارییەکانی هێنا، کە ئەمە نزمترین پلەیە لە مێژووی یانەکەدا تۆمارکرابێت. دوای ئەوەی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگیان دۆڕاند، دڵنیا بوونەوە لەوەی ئەم وەرزە لە ئۆڵد ترافۆرد هیچ یارییەکی ئەوروپی ناکەن. سەرەڕای ئەم هەموو ناڕەحەتییانە، فێرناندێش دووپاتی کردەوە کە بڕیاری مانەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە هێشتا کارێکی تەواونەکراوی لە یانەکەدا هەیە.
فێرناندێش لەو بارەیەوە بە نێڤڵی گوت:
یانەکە لە ساتێکی سەختدا بوو چونکە تازە یارییەکی کۆتایی ئەوروپیمان دۆڕاندبوو، هەروەها لە نزمترین پلەی پریمەرلیگدا کۆتاییمان پێهێنا کە تاوەکوو ئێستا یونایتد بەخۆیەوە بینیبێتی. شەش ساڵ لەمەوبەر یانەکە متمانەی پێکردم کە بێمە ئێرە و بڕوایان وابوو دەتوانم یارمەتییان بدەم. ئەو کاتەی بڕیاری مانەوەمدا، لەبەر ئەوە بوو کە هێشتا خەونەکانم لێرە نەهێناوەتەدی.

برونۆ لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئامانجە گەورەکانی دەکاتەوە و دەڵێت:
هەموو ئەو شتانەم بەدەست نەهێناوە کە دەمویست. هەرگیز ئەوەم نەشاردووەتەوە کە دەمەوێت لەگەڵ یانەکەدا پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ ببەمەوە. رەنگە بیبەمەوە، رەنگە نەشیبەمەوە، بەڵام تاوەکوو ئەو کاتەی دەرفەتم دەبێت یان لێرەبم بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەم، هەوڵی بۆ دەدەم. ئایا ئەمە سەخت دەبێت؟ بەڵێ، یانەی زۆر گەورە لە خولەکەدا هەن کە ساڵانێکی زۆرە نازناوەکە دەبەنەوە و بە بەردەوامی لە لووتکەدان، بەڵام ئێمە ئێستا لەو ئاستەدا نین.



