ئینگلتەرا

چێڵسی گرێبەستی یاریزانێکی گومناوی یانەکەی نوێ کردەوە

یاریگا- یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئەمڕۆ گرێبەستی یاریزانێکی یانەکەی نوێ کردەوە کە ماوەیەکی ئێجگار زۆرە درێسی بلووزی نەپۆشیوە.

مارکۆ ڤان جینکڵی هۆڵەندی، ساڵی 2013 لە ڤیتیسێ ئارنهێمی هۆڵەندیەوە ڕووی کردە لەندەن، بەڵام پێکانە درێژخایەنەکانی و ناردنە دەرەوەی بە خواستن بۆ ماوەی درێژخایەن، وای کرد ئەو ناوەڕاستکارە 27 ساڵە نەتوانێت لە ساتمفۆردبریج بگیرسێتەوە.

مارکۆی هۆڵەندی، کە سەروەختی پەیوەندی کردنی بە بلووزەوە لەلایەن پیتەر بۆسی ڕاهێنەری یانە هۆڵەندیەکەیەوە وەک “فرانک لامپارد”ی داهاتوو ناوزەد کرا، ماوەی حەوت ساڵە تەنها دوو یاری بە درێسی چێڵسیەوە ئەنجام داوە. دواتر تا ساڵی 2015 بە خواستن بۆ ئەی سی میلان و، پاشان لە دەرگای ستۆک سیتیەوە گەڕایەوە ئینگلتەرا و تا ساڵی 2016 مایەوە. دوای ستۆک، هەر بە خواستن گەڕایەوە هۆڵەندای زێدی خۆی و تا ساڵی 2018 لە ڕیزەکانی ئایندهۆڤن یاری دەکات، بەڵام پێکانێکی مەترسیدار لە ئەژنۆیدا، بۆ ماوەی هەشت مانگ لە یاریکردنی دوورخستەوە.

دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکیتر لەگەڵ چێڵسی، ناوبراو لە ئینستاگرامی خۆیەوە پۆستێکی کرد و نووسیویەتی: “خۆشحاڵم بۆ ساڵێکیتر وژۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم کردەوە لەگەڵ ئەم یانە مەزنە. سەرەڕای زۆر دوورکەوتنەوەم بەهۆی پێکانەوە، هەمیشە هەستم بە پاڵپشتی کردووە لەلایەن یانەکە و ئەوانەی لەم یانەیەوە نزیکن. بە پەرۆشم بۆ دەست پێکردن لە مانگی حەوت.”

بابەتی زیاتر

Back to top button