
یاریگا –
یاریزانانی چوارقوڕنە جارێکی دیکە دەستیان بە مەشقەکانیان کردەوە و مەرجێکیشیان بۆ دەستەی کارگێڕی تیپەکە داناوە.
بە راهێنەرایەتی مەحمود مەجید، جارێکی دیکە چوارقوڕنە دەستیان به مەشق و راهێنانەکان کردەوە، دوای وەرنەگرتنی مووچە و شایستەی دارایی یاریزانەکان بۆ ماوەی دوو مانگ، راهێنەر و یاریزانانی چوارقوڕنە ماوەی هەفتەیەکە بایکۆتی مەشق و راهێنانی تیپەکەیان کردبوو.
سەرچاوەیەک به تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند؛ سەرۆکی یانەکە مووچەی مانگێکی بە یاریزانەکان داوە، یاریزانەکانیش بەو مەرجە بایکۆتیان شکاندووە کە هەفتەی داهاتوو یاخود له نزیکترین کات مووچەی مانگی دووەمیش وەربگرن و بەمشێوەیە دەگەڕێنەوە مەشق و راهێنانەکان.
چوارقوڕنە لە گەڕی 20 میوانداری دەربەندیخان دەکات، لە کۆی 19 یاریی رابردوو 24 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.



