ئیسپانیا

جەیمس: هاوینی ڕابردوو نزیکبووم لە جێهێشتنی ڕیال مەدرید

یاریگا – جەیمس ڕۆدریگیزی کۆڵۆمبی و ناوەڕاستکاری ڕیال مەدرید دەربارەی داهاتووی خۆی لێدوانی داوە و بەگوتەی ئەو ڕیال مەدرید ڕێگر بووە لەوەی ڕووبکاتە یانەیەکی دیکەی خولی ئیسپانی.

ساڵی 2014 دوای ئەوەی جەیمس بووە گۆڵکاری مۆندیال و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گەیاندنی کۆڵۆمبیا بە قۆناغی چارەگی کۆتایی، سەرجەم یانەکانی ئەوڕوپا ڕکابەریان لەسەر کڕینەوەی دەکرد. ئەوەبوو ڕیال مەدرید پڕی 85 ملیۆن دۆلار بە یاریزانەکە دا و توانیان پەلکێشی یانەکەیان بکەن، بەڵام یاریزانەکە لەم ماوەیەدا نەیتوانیوە وەک پێویست خۆی بسەلمێنێت و تەنانەت بەشێوەی خواستن درایە بایەرن میونشنیش.

لەبەرئەوەشە یاریزانەکە چەندین جار بیری لە جێهێشتن کردۆتەوە، ئێستاش لە دیمانەیەکدا ئەو باسی ئەو هاوینە دەکات کە نزیک بوو لەوەی مەدرید بەرەو یانەیەکی دیکە جێبێڵێت و لەمبارەیەوەش گوتی:

گرێبەستێکی یەکجار نایابم لە یانەیەکی ئیسپانیاوە بۆ هات کە ڕیال مەدرید ڕێگر بوو لەوەی ڕووبکەمە ئەوێ و نامەوێ ناوی یانەکە ئاشکرا بکەم. هەروەها گرێبەستێکی دیکەم لە ئیتاڵیاوە بۆ هات، بەڵام ئەویانم بەدڵ نەبوو. خۆرخی مێندێزی بریکارم پێیگوتم ئۆفەرێکت لە چینەوەش بۆ هاتووە، بەڵام من دەمویست لە ئەوڕوپا درێژە بە یارکردن بدەم.

شایانی باسە جەیمس ڕۆدریگێز تا ئێستا 85 یاری بۆ ڕیال مەدرید ئەنجامداوە و توانیویەتی 29 گۆڵ تۆمار بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button