فرۆشتنی بەکۆمەڵ؛ مانچێستەر یونایتد چاکسازییەکی گەورە لە پێکهاتەکەیدا دەکات
مـــان یــونـایـتـد خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەکات

یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت لە رێی فرۆشتنی چەند یاریزانێک داهاتێکی گەورە کۆبکاتەوە و شۆڕشی گۆڕانکاریی گەورە لە یانەکەی بەرپادەکات.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت پێکهاتەکەی نوێبکاتەوە و بەنیازە لە گواستنەوەی هاوینە دەستبەرداری چەندین یاریزانی بێت.

بەڵگەنامە داراییەکانی یانەکە دەریدەخەن کە شەیتانە سوورەکان هێشتا 422 ملیۆن یۆرۆی گواستنەوەی یاریزان قەرزدارە و دەیەوێت لەپێناو باشترکردنی پێکهاتە و دۆخی دارایی چاکسازییەکی گەورە بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، مانچێستەر یوناید بیر لە فرۆشتنی جۆشوا زیرکزی، ئاندرێ ئۆنانا، مانوێل ئوگارتێ، مەیسن ماونت و راسموس هۆیلوند دەکاتەوە کە سەرجەمیان لە سەردەمی راهێنەرایەتی تێن هاخ گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە.
هۆیلوند و ئوگارتێ
بەرپرسانی ئۆڵد ترافۆرد لە ئاستی هۆیلوند و ئوگارتێ رازی نین و پێیان وایە شایەنی پۆشینی درێسی مان یونایتد نین.
مەیسن ماونت
بەهۆی زۆری پێکانەکانی یاریزانەکە، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت لە کۆتایی وەرزز دەستبەرداری بێت.
ئاندرێ ئۆنانا
ئۆنانا وەکوو یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان هێنرایە مانچێستەر یونایتد بەڵام نەیتوانی لە ئاست چاوەڕوانییەکی یانەکە بێت و ئێستا بە خواستن لە ترابزۆن سپۆر یاریی دەکات. هەرچەندە یاریزانەکە حەز بە گەڕانەوە دەکات و دەیەوێت ببێتە گۆڵپارێزی سەرەکی، بەڵام سەرچاوەکانی نێو یانەکە بە رۆژنامە بەریتانییەکەیان راگەیاندووە کە بیرۆکەی گەڕانەوەی ئۆنانا لە پلانی بەرپرسانی یانەکە نییە.
جۆشوا زیرکزی
یانەکە لە رێژەی گۆڵەکانی زیرکزی رازی نییە و پێی وایە لە بەردەم گۆڵدا کاریگەر نییە.
هاری ماگوایەر
داهاتووی ماگوایەر هێشتا ناڕوونە و ئەگەر بە کەمکردنەوەی مووچەکەی رازی نەبێت، یانەکە گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.
جەیدن سانچۆ
بە یەکێک لە خراپترین گرێبەستەکانی مێژووی مان یونایتد دادەنرێت و لە هاوینی داهاتوو یانەکە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەهێنێت.
مارکوس راشفۆرد
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، ئەگەر بارسێلۆناش راشفۆرد نەکڕێتەوە، مان یونایتد نایەوێت و دەستبەرداری دەبێت.



