پاریس سان جێرمان چاوی بڕیوەتە ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ
لەبەر چەند هۆکارێک هیوای بە گواستنەوەی یاریزانەکە هەیە

یاریگا –
هێشتا پاریس سان جێرمان چاوی لە بەدەستهێنانی تواناکانی ئێنزۆ فێرناندێزە و دەیەوێت سوود لە دۆخی چێڵسی وەرگرێت بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای گرێبەستە درێژخایەنەکەی لەگەڵ چێڵسی و مووچە بەرزەکەی کە ساڵانە 10 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، هێشتا هیواخوازە ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە بگوازێتەوە و ماوەیەکی زۆرە یاریزانەکەی کردووەتەوە ئامانج.
هەمان سەرچاوە ئەو هۆکارانەی خستووەتەڕوو کە رەنگە گواستنەوەی ئێنزۆ بۆ پاریس سان جێرمان ئاسان بکەن؛ رۆیشتنی ئێنزۆ مارێسکا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مایسترۆکەی بلووز هەبووە، چونکە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ راهێنەرە ئیتاڵییەکە هەبووە و بە دەرکردنی نیگەرانە.

گرنگترین هۆکار، سەرنەکەوتنی چێڵسییە بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو. یانە لەندەنییەکە ئێستا بە کۆکردنەوەی 48 پلەی پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە و سەرکەوتنی پەیوەیستە بە بردنەوەی سەرجەم یارییەکانی داهاتووی یانەکەکە، چونکە خاڵەکانی لەگەڵ لیڤەرپوولی شەشەم یەکسانن و رکابەرییەکی توند لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی چامپیۆنزلیگی داهاتوو لەنێوانیاندایە.
ئێنزۆ لەدوای بردنەوەی مۆندیالی 2022 لەگەڵ ئەرجەنتین، لە سەرەتای ساڵی 2023 بە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 157 یاریی لەگەڵ بلووز کردووە، 27 گۆڵی کردووە و 28 گۆڵیشی دروستکردووە.



