نوێکردنەوەی گەورە لە ریال مەدرید روودەدات

یاریگا –
ئیماراتس، ئادیداس و ئێچ پی هاوبەشی گەورەی ریال مەدریدن. ئەوان تەنیا سپۆنسەر نین بەڵکوو ناوی گەورە و ئاشکران کە لەگەڵ یانەکە پەیوەست بوونە. ئەم براندانە بەهۆی پەیوەندیان لەگەڵ ریال مەدرید لە هەموو جیهان ناسراون، ئەوان هەروەها بەشێکی گرنگی بەهێزی جێگیریی دارایی یانەکەن لە ماوەی دەیەکانی رابردوودا.
بەگوێرەی راپۆرتەکان نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ئیماراتس زۆر نزیکە لە تەوابوون. لە هەمان کاتدا هاوبەشیی لەگەڵ HP هێشتا وەرزێکی ماوە، بەڵام لە ئێستاوە گفتوگۆ بۆ ئەگەری درێژکردنەوەی دەستیپێکردووە. هەمان شتیش لەگەڵ ئادیداس روودەدات. هەموو ئەمانە بەشێکن لە پلانی ستراتیژی تاوەکوو لە جیهانی بازرگانی تۆپی پێدا براندی ریال مەدرید لە لووتکە بهێڵنەوە.
تاوەكو 2031؛ ریال مەدرید گرێبەستەكەی لەگەڵ یەكێک لە سپۆنسەرەكانی نوێدەكاتەوە
ریال مەدری دەزانێت درێسە سپییەکەی یەکێکە لە بەهادارترین براندەکانی تۆپی پێ. سەرکردەکانی یانەکە هەمیشە هەوڵیداوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی هاوبەشی یانەکەن و بە تەواوی جیهاندا لەگەڵ براندی ریال مەدرید گەشت دەکەن، بە دڵسۆزی بمێنێتەوە.
بۆ وەرزەکانی داهاتوو ئامانج بۆ سپۆنسەرەکانی درێسەکە لە ساڵێکدا بەدەستهێنانی 300 ملیۆن یۆرۆیە، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی ئەو بڕە بەگوێرەی سەرکەوتنە وەرزشییەکان. پێشبینی دەکرێت رێککەوتن لەگەڵ ئیماراتس یەکەم هەنگاوی گەیشتن بەو ژمارەیە بێت.
هاوبەشی لەگەڵ ئیماراتس یەکێکە لە دیارترین سپۆنسەرییەکانی تۆپی پێ. پەیوەندییەکە لە 2013 دەستپێکرد و پێشبینی دەکرێت تاوەکوو 2031 بەردەوام بێت. لە راستیدا هێڵە ئاسمانییەکە لە 2011ـەوە پەیوەندییەکی بازاڕگەریی لەگەڵ ریال مەدرید هەبووە. لە هاوینی ساڵی رابردووەوە ئیماراتس سپۆنسەری هەردوو تیمی پیاوان و خانمان دەکات، ئەمەش دەیکات بە یەکێک لە ماوە درێژترین هاوبەشیی لە لالیگا.
لە هەمان کاتدا گفتوگۆکان لەگەڵ ئادیداس بۆ گرێبەستی نوێ دەستیپێکردووە. کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لە 1998ـەوە دروستکەری درێسی ریال مەدریدە، ئەمەش دەیکات بە یەکێک لە گرنگترین گرێبەستی سپۆنسەرەکانی یانەکە لە تۆپی پێدا. ئەگەرچی ژمارە فەرمییەکان هەرگیز ئاشکرا نەکراون، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گرێبەستەکەی ئێستا بۆ هەر وەرزێک بەهاکەی 120 ملیۆن یۆرۆیە. دوو ساڵی دیکە گرێبەستەکە کۆتایی دێت، بەڵام هەردوولا دەیانەوێت لە کارکردن بەیەکەوە بەردەوام بن.
بەیەکەوە لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی گریبەستەکە لەگەڵ HP، ئەم رێککەوتنانە دەکرێت یارمەتی ریال مەدرید بدات بگەنە ئامانجەکەیان، کە بەدەستهێنانی 300 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا، تاوەکوو یانەکە لە لووتکەی دارایی تۆپی پێدا بهێڵنەوە.
ئێستا درێسی ریال مەدرید نزیکەی 260 ملیۆن لە ساڵێکدا پەیدا دەکات، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی سەرجەم یانەکان، مانچێستەر یونایتد لە ریزبەندی دووەم دێت بە 200 ملیۆن یۆرۆ و بارسێلۆناش بە 183 ملیۆن یۆرۆ لە ریزبەندی سێیەمە. یانەکانی دواتر مانچێستەر سیتی بە 171 ملیۆن یۆرۆ و پاریس سانجێرمانن بە 170 ملیۆن یۆرۆ.



